ئەمەریکا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سوریا دەکات

(سبەی):

نوێنەری ئەمەریکا هۆشداریی داوەتە نەتەوە یەکگرتوەکان کە هێرش دەکاتە سەر رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا.

نیکی هالی نوێنەری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند؛ رژێمی بەشار ئەسەد و چەند لایەنێک لەو وڵاتە پابەندی ئاگربەستەکەی ئەنجومەنی ئاسایش نەبون بۆیە ئەگەر بەشار ئەسەد پابەندی ئەو ئاگربەستە نەبێت، ئەمەریکا کاردانەوەی توندی دەبێت.

نوێنەرەکەی ئەمەریکا رونی کردەوەتەوە؛ زۆربەی لایەنەکان پابەندی ئاگربەست لە سوریا نەبون و رژێمی بەشار ئەسەدیش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامبونی شەڕ و کوشتار بوە لە وڵاتەوە.

هالی جەختی کردوەتەوە ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایش سنورێک بۆ پێشیلکارییەکانی ئاگربەستی سەرتاسەری لە سوریا دانەنێت ئەوا ئەمەریکا بە شێوەیەکی تاک لایەنە پلانی خۆی جێبەجێ دەکات کە خۆی لە هێرشی سەربازیی بۆ بنکە ستراتیژییەکانی رژێمی سوریادا دەبینێتەوە.

وتەکانی نوێنەری ئەمەریکا لە کاتێکدایە، ئێوارەی دوشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان، کۆبونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە جێبەجێ کردنی بڕیاری ژمارە (2401)ی ئەنجومەنەکە ئەنجام دا، سەبارەت بە راگرتنی شەڕ بۆماوەی (30) رۆژ لە سوریا، تا کۆمەک و هاوکاریی مرۆیی بگەیەندرێتە ناوچە کارەستبارەکانی ئەو وڵاتە.

بەپێی بڕیاری ژمارە (2401) کە لەلایەن کوەیت و سویدەوە داڕێژرابو، رۆژی (24)ی شوبات بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پەسەندکرا و لایەنە ناکۆکەکانی شەڕ لە سەرانسەری سوریای پابەندکرد بە راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی (30) رۆژ، سەرەڕای بڕیارەکە رژێمی سوریا بەردەوام بو لە هێرشەکانی بۆ سەر غۆتەی رۆژهەڵات و سوپای تورکیاش بەردەوامی داوە بە هێرش و پەلامار و تۆپبارانەکانی بۆ سەر کانتۆنی عەفرین.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە