داوا لە هەمو کورد دەکرێت عەفرین بپارێزن

(سبەی):

دەیان ئەندام و چالاکوان و رێکخراوی سیاسی و مەدەنیی کورد لە هۆڵەندا کۆبونەوە و داوای هەڵوێستیی نەتەوەییان کرد لە دژی پەلامارەکانی تورکیا و چەکدارانی بۆسەر عەفرین.

لە ژێر ناوی “کۆبونەوەی هەڵوێستی نەتەوەی بۆ بەرخۆدانی عەفرین” کۆبونەوەیەک لە لایەن ژمارەیەک رۆشنبیر و ئاکادمیست و ئەندام و نوێنەرانی حیزب و پارتەکانی کوردستان لە ولاتی هۆڵەندا بەڕێوەچو، تێیدا داوا لە سەرجەم لایەنەکانی کوردستان لە هەمو بەشەکان و رێکخراو و پارتە سیاسییەکان کرا هەڵوێستیان هەبێت و وەک بازنەیەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی بەدەوری عەفریندا ئەو شارە بپارێزن.

دوای کۆبونەوەکە بەیاننامەیەکی (14)خاڵی وەک “هەڵوێستنامە” راگەیەندرا و داوای هەلوێست دژی تورکیا کراوە بە هۆکاری ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لە هێرشی حکومەتی عێراقدا بۆ سەر کەرکوک و ناوچەدابڕاوەکان، پشتگیریی حکومەتی بەغدای کرد و لە هێرشی داگیرکاریی داعشدا بۆ سەر کوردستان، بە تایبەتیش بۆ سەر کۆبانێ، رۆڵێکی سەرەکیی لە هاوکاریکردنی داعشدا بینی هەروەها لە سەرەتاوە لە دژی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان و سیستمی فیدراڵیی باکوری سوریا، لە سەنگەردا بوە، چەندین بنکەی سەربازیی و سیخوڕیی لە دژی دەستکەوتەکانی کوردستان لە باشوری کوردستان جێگیر کردوە.

هەڵوێستنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ دەوڵەتی تورکیا زیاتر لە (50) رۆژ هێرشی کردوەتە سەر شاری عەفرین و ئامانجی ئەوەیە کورد لەسەر خاکی خۆی ئازاد نەبێت، بەڵکو هەر دیل بێت و وڵاتیشی داگیرکراو بێت. چونکە دژی هەبونی کوردستانە و مەبەستی خۆی نەشاردوەتەوە و لە کرداردا ئەو راستییەی سەلماندوە.

جەختیان کردوەتەوە؛ هەرچەندە خەڵکی کوردستان بە گشتیی و کوردانی تاراوگە پێکەوە خاوەندارێتی لە عەفرین دەکەن و دۆستانی گەلی کوردستانیش پشتگیریی بەرخۆدانی عەفرین دەکەن، بەڵام هەمو ئەوانە بەس نیین و “پێویستە لە پڕۆسەی بەرخۆدان و پاراستنی عەفریندا، پشتگیریی و خاوەندارێتییەکی زیاتر و بەهێزتر رێکبخەین بەشێوەیەک بزاڤی ناوخۆییەکان چالاک بن و بازنەی پاراستنی نەتەوەیی و نیشتیمانیی بە دەوری عەفریندا بکێشین”.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە