ئەم خولە (50)رۆژى ماوە .. ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى داواى هەڵبژاردن دەکات

(سبەى):

ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لەگەڵ نزیکبونەوەى کۆتایى هاتنى چوار ساڵى ئەم خولەى ئەنجومەندا ئامادەیى نیشاندەدات بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن، هەر لە دانیشتنى ئەمڕۆدا دەنگ لەسەر پاڵێوراوەکانى بزوتنەوەى گۆڕان درا بۆ پۆستى بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى.

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بە ئامادەبونى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەن و بەشێک لە لیژنەکان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکى کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنەکەى ئاشکرا کرد و ئەوەى خستەڕو؛ ئەنجومەنى پارێزگاکان کەمتر لە (50) رۆژیان ماوە بۆ تەواوکردنى چوار ساڵى ئەم خولەیان و وتى:” ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و دەستبەکاربونى خولى نوێ، بۆئەوەش داوا لە پەرلەمان و حکومەت و کۆمسیۆن دەکەین هەڵبژاردنەکان لە کاتى خۆیاندا بکرێن”.

رونیشیکردەوە دواى ئەو وادەیە و کۆتاهاتنى خولەکە ئەنجومەنەکان، بەپێى یاسا (90) رۆژ وەک کاربەرێکەر بەردەوام بن.

لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەشەوە وتى:”پاڵێوراوەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ پۆستى بەڕێوەبەرى گشتى شارەوانییەکان دەنگیان لەسەر درا”.

هەروەک لەبارەى ئەوە بەشەى دیکەى کۆبونەوەکە کە گفتوگۆ کرا لەبارەى وەرگرتنى پارە لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە لە بازگە و خاڵە سنوریەکان بەناوى “قەپان”، وتى: “بڕیارماندا نوسراویک ئاڕاستەى وەزارەتى دارایى بکەین بۆئەوەى پێداچونەوە بە مۆڵەتى وەرگرتنى باج لە گومرگەکان بکرێت و حکومەت سود لەو سەرچاوە داراییە وەربگرێت و بەشێک لەو داهاتانە بۆ ئەو ناوچانە تەرخان بکرێت کە بونەتە سەرچاوە بۆ ئەو داهاتانە”.

نەیشاردەوە کە پێیانوایە؛ مۆڵەت و رێگەدانى وەزارەتى دارایى بۆ ئەو کۆمپانیایانە رەنگە لە جێى خۆیدا نەبێت یان کۆمپانیاکان بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەکارى بهێنن، “بۆیە داواى پێداچونەوەمان کردوە”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە