بارزانی؛ سوپاسی عەبادی دەکات

(سبەی):

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، سوپاسی حەیدەر عەبادی دەکات بەرامبەر کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێم و چاوەڕوانی ئەوەیە دوای ئەو هەنگاوە بەشێک لە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.

دوای بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و رایگەیاند: دوای کۆبونەوەی سەرۆک وەزیران لەگەڵ شاندی وەزارەتی ناوخۆ کە پێکهاتبو لەو ئەفسەرانەی کە لە فڕۆکەخانەکانی هەرێم کاردەکەن، بڕیاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی دا، ئێمە وەک حکومەتی هەرێم پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین و پێمانوایە بڕیارێکی دروست و راستە، هەنگاوەکان بەرەو ئەوە دەڕوات کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی لە چوارچێوەی دەستور چارەسەر بکرێت.

نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی حەیدەر عەبادی کرد بۆ ئەو بڕیارە و سوپاسی هەمو ئەو لایەن و کەسانەی کرد کە لە هەولێر و بەغدا ماندو بون بۆ ئەو کارە.

ئاماژەی بەوەکرد؛ ئەو بڕیارە دەرەنجامی چەندین دیداری فەرمی ئێمە و سەرۆک وەزیران شاندی هەردولا بوە، چی بەشێوەی ئاشکرا و نائاشکرا و ئەو بڕیارەش هەنگاوی دیکەی بەدوادا دێت.

نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاند: بەپێی ئەو مەحزەری کۆبونەوانەی کە لەنێوان ئێمە و عەبادی ئیمزاکراوە، رێککەوتوین لەسەر ئەوەی کێشەی فڕۆکەخانەکان و موچە لە چوارچێوەی دەستور چارەسەر بکەین، بڕیارەکەی ئەمڕۆ زۆر کاریگەریی لەسەر کێشەکانی دیکە دەبێت و دەستپێکێکی باشە و ئیرادە هەبێت دەتوانین لەسەر بنەمای ئەساسی دەستور کێشەکان چارەسەر بکەین.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی ئاشکرای کرد؛ کە شەوی رابردو لە پەیوەندی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران، جەختی کردەوە لەسەر کردنەوەی فڕۆکەخانەکان و ناردنی موچەی هەندێک لە فەرمانبەران، ئەمڕۆش جارێکی دیکە ئەوەی دوپاتکردەوە، بەوهیوایەن ئەو دو کێشەیە چارەسەر بکرێت و چاوەڕوان دەکەین بەغدا موچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە