دۆزی کورد بەرەو کوێ

رێبین نەریمان

لەگەڵ دروست بونی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای نەوەدەکان و کەوتنە ژێر هەژمونی ئێرانی و تورکی و تێپەڕاندنی ساڵانێکی سەخت و ململانێی ناوخۆیی، تا گەیشت بەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق دانی پێدابنرێت بە هاوکاری وڵاتانی رۆژئاوا، ئێستاش پاش روداوەکانی ماوەی چەند ساڵی رابردو، کورد لە رۆژئاوا توانیاو پێگەو حوکمڕانی خۆیان بسەلمێنن ، بەڵام تورکیا ئەمە بە مەترسی بۆ خۆی دەبینێت، تورکیا هەست بەو مەترسیە دەکات کە براوەی کۆتایی جەنگ لە سوریا کورد بوە و نایەوێ لە کۆتایدا باکوری سوریا بۆ کورد بەجێبهێڵێت کە خاوەنی کیانێکی سیاسی و ئابوری بەهێزی سوریا دەبن.

تورکیا نایەوێت کارتەکانی دەستی کە سونەی سوریایە بسوتێت و کیانێکیان نەبێت کە لەسەرەتای ململانێکانی سوریاوە کارەکتەری سەرەکی بون کە نەتوانن بەرهەمی شەڕی ناوخۆ بچنەوە، بۆیە لە کۆتا هەنگاویدا دەیەوێت پێگەیەکی بەهێز بۆ سونە دروست بکات لە سوریا بەرامبەر ئێران و لاوازکردنی پێگەی کورد ئەویش بە سود وەرگرتن لە سروشتی هەڵکەوتەی جوگرافی کورد لە سوریا کە خۆی لە زنجیرەیەکی درێژدا دەبینێتەوە بە درێژایی سنوری تورکیا کە پانتاییەکی کەمی هەیە لە هەندێ ناوچەدا و هۆزە عەرەبە سونەکان نیشتەجێن تێیدا.

ئەوەی جێی سەرنجە بونی ئەمەریکایە لە سنوری عێراقەوە تا دەگاتە مەنبەج کە بە سنوری بەرژەوەندیەکانی خۆی داناوەو تورکیا ناتوانێت هێرش بکاتەسەری، لە مەنبەجەوە تا دەگاتە سنوری عەفرین لە دەست هێزەکانی سوپای سوریای ئازادو میلیشا سونە مەزهەبەکانی لایەنگری تورکیادایە کە بەگرتنی ئەو ناوچانە لە لایەن کوردەوە تورکیا لە سوریا و عەرەبە سونەکان دادەبڕێت تا ماوەیەکی نادیار کە پێدەچێت بۆ هەتاهەتایە نەتوانێت ئەجێندای خۆی هەبێت لە سوریا.

تورکیا بۆ جێکردنەوەی قەوارەی سونە لە سوریا و بەهێزکردنی سونەو لاوازکردنی کورد هێرشی سەر عەفرینی ئەنجامدا ئەوەی جێی سەرسورمانی تورکیایە بەرخۆدانی کوردەکانە بەبێ هاوکاری وڵاتانی زلهێز کە خۆیان بۆ شەڕی تورکیا ئامادەکردوە کە پلانی کتوپڕی هێرشی تورکیا پوچەڵ بکەنەوە کە پێدەچێت ئەمەریکا بۆ مەبەستی زیاتر خزاندنی تورکیا و سوریا بۆ شەڕێکی گەورەتر لەسەر عەفرین بێدەنگ بێت کە خاڵێکی ململانێی سوریا و تورکیا بێت کە جەنگی خوێناوی لە نێوان سوریا و تورکیا هەڵبگیرسێت.

کوردەکان لە پێناو پاراستنی عەفرین لەگەڵ حکومەتی سوریا رێکەوتنێکیان ئەنجامدا بەبێ رێکەوتنی سیاسی کە ئەمە مانای وایە چەندین سیناریۆی تر چاوەڕێی عەفرین دەکات لە داهاتودا، ئەگەر تورکیا عەفرین بگرێت لە کاتی ئێستادا ناسنامەی کوردایەتی دەسڕێتەوە و عەرەبی سونە لە شوێنیان نیشتەجێ دەکات، لانیکەم بە هاتنی سوپای سوریا بۆ عەفرین چەند ئامانجێک  دەپێکێت .

– ململانێی تورکیا و ئێران چوە قۆناغێکی نوێ و ناکۆکیەکانیان زیاتر بو لە بەرەکان دژ بەیەکن و هێڵی تەماس دروست بوە لە نێوانیان.

– کورد لە عەفرین دەمێنێتەوە کە تا کاتێکی نادیار ناکەوێتە گەمارۆی هەرێمایەتیەوە.

– کورد لە یەک کاتدا شەڕی سوریا و تورکیا ناکات و ئەگەری رێکەوتنی سوریا و تورکیای لاواز کرد لە لەسەر عەفرین .

راستە کورد لە داهاتو دەبێت شەڕی سوپای سوریا بکات لانیکەم ئەو شەڕە دواکەوت بۆ چەند مانگێکی تر کە تا ئەو کاتە گۆڕانکاری لە هیزەکانی ناوچەکەدا رودەدات کە ئەمەریکا بە هێزو توانای زیاترەوە دەردەکەوێت.

لە ئەگەری بەردەوامبونی هێرشەکانی سەر عەفرین و کشانەوەی سوپای سوریا لە عەفرین کورد بەردەوام دەبێت لە بەرخۆدان لانیکەم گەمارۆ نادرێت بە رێکەوتنێکی سادە لە نێوان سوریا و تورکیا بەبێ ئەمەریکاو روسیا.

دەبێت کورد لەوە تێبگات لە گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێدانی سەنگ و قورسایی زیاتر بە کورد کە لە کوردستانی رۆژئاواوە بۆ کوردستانی باشور کە تا سنورەکانی ئێران درێژ دەبێتەوە پەیوەستە بە بەهێزبونی ئەمەریکا لە ناوچەکە بەرامبەر بە ئەجێندای تورکیا و ئێران کە بەهەمو جۆرێک دژی دەوەستنەوە. بۆیە لە ئایندەیەکی نزیکدا سیناریۆ و رێککەوتنی هەرێمایەتی زیاتر دێتە ئاراوە دژی کورد لە ناوچەکە بەتایبەتی لەسەر کەرکوک و عەفرین هەروەها ئەمەریکا بە هێزی زیاتر دەردەکەوێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی کە لەوانەیە لە داهاتودا سود لە تورکیا ببینێت دژی ئێران لە عێراق و بەکاری بهێنیت و سود لە سوریا ببینێت دژی تورکیا لە خاکی سوریادا.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە