“جیهان بەرپرسە لە کۆمەڵکوژیی عەفرین”

(سبەی):

هاوسەرۆکی فیدراڵی رۆژئاوای کوردستان، نەتەوە یەکگرتوەکان و سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش و جیهان بە بەرپرسیار دەزانێت لە کۆمەڵکوژیی عەفرین، لەسەر دەستی ئەردۆغان.

هەدیە یوسف، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی فیدراڵی باکوری سوریا، رایگەیاند: لەزۆربەی ناوچەکانی سوریا کۆمەڵکوژیی ئەنجامدەدرێت، بەڵام ئەنجومەنی ئاسایش بێدەربەستە بەرامبەریان و تەنها خۆی سەرقاڵ کردوە بە ناوچەیەکی دیاری کراوەوە (مەبەستی غۆتەی رۆژهەڵاتە)، لە عەفرین سوپای تورکیا کۆمەڵکوژیی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکات، تائێستا شەش کۆمەڵکوژیی گەورە لە عەفرین دیکۆمێنت کراوە لەماوەی (53) رۆژی هێرشەکانی تورکیا و میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە، بەڵام ئەنجومەنی ئاسایش خۆی لێ بێدەنگ کردوە.

وتیشی :”دۆخێکی تراژیدی لە عەفرین دەگوزەرێت، کە روبەڕوی هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بونەتەوە، زیاتر لە (500) هەزار هاوڵاتی لەناو شارەکەدان، رۆژانە روبەڕوی بۆردومان و کۆکوژیی دەبنەوە”.

هەدیە یوسف، سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بەرپرس دەزانێت بەرامبەر کۆمەڵکوژیی هاوڵاتیانی عەفرین و رایدەگەیەنێت: بێدەنگ بونیان بەرامبەر پەلامارەکانی تورکیا بەمانای هاوبەشیان دێت لەو تاوانانەی ئەنجامدەدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد؛ لێرەو لەوێ گوێبیستی هەندێک لێدوانی شەرمەزاریی دەبین سەبارەت بەوەی هێرشی سەر عەفرین، شەڕی دژی تیرۆری لە سوریا وەستانەوە، لەکاتێکدا بێئاگان لەوەی کە رۆڵەکانی عەفرینن کە شەڕی تیرۆر دەکەن، پەلاماری تورکیا بۆ سەر عەفرین، بەتەنها شەڕی داعشی لە سوریا نەوەستاندوە، بەڵکو هۆکارێکە بۆ بوژانەوە و دوبارە سەرهەڵدانەوەی داعش لەناوچەکەدا.

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی فیدراڵی باکوری سوریا جەختی کردەوە؛ کە تورکیا بەردەوام دەبێت لەناردنی تیرۆریستان و رێکخراوە توندڕەوەکان بۆ ئەو وڵاتانەی کە بێدەنگ بەرامبەر پەلامارەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر عەفرین، لەسەرو هەموشیانەوە وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە