گەورەترین گەردونناس ماڵئاوایی لە جیهان کرد

(سبەی):

مەرگی گەورەترین زانای گەردونناسی و فیزیایی بەریتانیا لە تەمەنی (76) ساڵی، بوە هەواڵی سەرەکی زۆربەی میدیاکانی جیهان.

ئەمڕۆ چوارشەممە خانەوادەی ستێڤن ویلام هاوکینگ، لە بەیاننامەیەکدا مەرگی ئەو زانایەیان راگەیاند و پرسە و سەرەخۆشییان لە جیهان کرد بەهۆی لەدەستدانی کەسێکی زانا و هاوکات خۆشەویست لە جیهاندا.

هاوکینگ بە یەکێک لە زانا گەورەکانی سەردەم دادەنرێت و هاوکات یەکێک لەو کەسانەبو کە لەگەڵ زانستدا پەیامی تەنز ئامێزی بۆ جیهان هەبو و ئەمەش وای کردبو، ببێتە هۆی زیاتر ناسینی .

بە پێی راپرسییەک هاوکینگ لە پلەی (25)گەورە کەسایەتیی بەریتانیادایە کە خاوەنی بەهێزترین کورسی زانکۆی کامبریج و ئەندامی فەخریی کۆمەڵگەی زانستی پاشایەتی بەریتانیا و خاوەنی مەدالیای ئازدییە کە لە لایەن ئەمەریکاوە پێشکەشى کراوە.

ئەو زانایە خاوەنی دەیان کتێبی زانستی بوە کە بەزمانی سادە و گشتی نوسراون و زۆربەی بەرهەمەکانیشی زیاترین فرۆشیان هەبوە بە شێوەیە، ژمارەیەک لە کتێبەکانی بۆ ماوەی (20)جار دوبارە چاپ کراونەتەوە و زیاتر لە ملیۆنان دانە لە کتێبەکانی فرۆشراون.

هاوکینگ بۆ ساڵانێکی زۆر بە ئازاری نەخۆشییەکی دەگمەن(لەکارکەوتنی ماسولکەکان) دەتلایەوە کە بەهۆیەوە جگە لەسەر ئەوەى کورسى گەڕۆک بو لەرێگەى ئامێرى ئەلیکترۆنیەوە قسەى دەکرد و پەیامەکانى دەگەیاند، بەڵام هیچ کات ئەو نەخۆشییە نەیتوانی زاڵ بێت بەسەر ئەو زانایەدا و سەرەڕای نەخۆشییەکەشی کە ساڵانێکی زۆر ببوە هاوڕێی ئەو بەشداریی دەیان لێکۆڵینەوە و کۆڕ و کۆبونەوەی زانستی کرد.

هاوکینگ ساڵی رابردو لە پەیامێکدا بۆ خەڵکی جیهان بە تەنزەوە وتی: “بەردەوام سەرتان بەرز بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەستێرەکان ببین، نەوەک سەرتان داخەن و تەنها پێ و پێڵاوەکانتان ببینن”.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە