وەزیرى ناوخۆ بۆ رێکارەکانى دەستپێکردنەوەى گەشتە نێودەوڵەتییەکان گەیشتە هەرێم

 

(سبەى):

سەرلەبەیانى ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیرى ناوخۆى عێراق بەمەبەستى گرتنەبەرى ئەو رێکارانەى رێککەوتنى لەسەر کراوە لەپێناو دەستپێکردنەوەى گەشتە نێودەوڵەتییەکان لە فڕۆکەخانەکانى هەرێم گەیشتە هەولێر.

دواى ئەوەى دوێنێ سێشەممە، حەیدەر عەبادى واژۆکردنى بۆ کردنەوەى گەشتى نێودەوڵەتى لە فڕۆکەخانەکانى هەولێر و سلێمانى راگەیاند، ئەوەش پاش رەزامەندى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە گەڕانەوەى دەسەڵاتى فیدڕاڵى بۆ هەردو فڕۆکەخانەکە، ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجى وەزیرى ناوخۆى عێراق گەیشتە هەولێر بۆ تەواوکردنى رێکارەکان و بە فەرمى دەستپێکردنەوەى گەشتەکان کە چاوەڕوان دەکرێت لە سبەینێوە بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

بەپێى راگەیەندراوەکەى نوسینگەى عەبادى کە لەلایەن نێچیرڤان بارزانیەوە پێشوازى گەرمى لێکرا، فڕۆکەکانى هەولێر و سلێمانى دەخرێنە ژێر فەرمان و کۆنترۆڵى وەزارەتى ناوخۆى فیدراڵ و فەرمانگەکانى پاسپۆرت و رەگەزنامە و کارمەندەکانیان لە هەردو فڕۆکەخانەکە بە وەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە دەبەسترێنەوە و ژمارەیەک ئەفسەرى ئەو وەزارەتەش دێنە فڕۆکەخانەکان.

 

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە