“تورکیا و داعش لە عەفرین تێکدەشکێنین”

(سبەی):

هاوسەرۆکی پەیەدە رایگەیاند؛ تا پەلامارەکان بۆ سەر عەفرین توندتر بێت بەرگری و بەرپەرچدانەوە لەو شارە بەهێزتر دەبێت و دڵنیان هاوشێوەی کۆبانی شکست بە داعش و تورکیا دەهێنین.

شاهۆز حەسەن، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە هەولێر: رایگەیاند، لە سەرەتای پەلامارەکانی تورکیا و چەکدارانی بۆسەر عەفرین، خەڵکی باشوری کوردستان پشتیوانی و پشتگیریی خەڵکی عەفرینیان کردوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو پەلامارانە هیچ هەڵوێستێکی رونی دەرنەبڕیوە.

هاوسەرۆکی پەیەدە وتی: “زۆربەی لایەنەکانی باشوری کوردستان هەڵوێست و پشتیوانیان بۆ عەفرین دەربڕیوە و ئەمە جێگەی دەستخۆشی و پێزانینە و تەنانەت زۆر کەس لە هەرێمی کوردستان داوایان لێکردوین بێنە عەفرین، بۆیە ئێمە دەرگامان لەسەر پشتە بۆ هەرکەس و لایەنێک کە بە مەبەستی پشتیوانی و بەرگریی رو لەو شارەی رۆژئاوای کوردستان دەکات”.

وتیشی: “روسیا و ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بێدەنگبونیان لە ئاستی پەلامارەکانی تورکیا کە بوەتە هۆی کوژران و برینداربونی دەیان هاوڵاتی مەدەنی، بەشدارن لەو تاوانەی تورکیا بەرامبەر بە عەفرین دەیکات”.

رونی کردەوە کە تورکیا دەست لە هاوڵاتیانی مەدەنی و تیمی تەندروستی ناپارێزێت و بە تۆپباران و بۆردومان ئەوانیش دەکاتە ئامانج.

شاهۆز حەسەن جەختی کردەوە؛ پێش پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەرعەفرین (400)هەزار ئاوارەی سوریای تێدا ژیاوە، بەڵام تورکیا چاوی بەو ئارامی و سەقامگیریەی ئەو شارەی رۆژئاوا هەڵنەهاتوە.

جەختی کردەوە؛ چۆن لە کۆبانێ شکستیان بە داعش و چەکدارەکانی هێنا بەهەمان شێوەش شکست بە تورکیا و داعش دەهێنن چونکە تا پەلامارەکان قورستر بێت بەرپەرچدانەوە و بەرگریش لە عەفرین بەهێزتر دەبێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە