” تورکیا و ئەڵمانیا بە هاوکاریی پارتی دژایەتی ئیرادەی گەلى کورد دەکەن”

دوران کاڵکان ئەندامی سەرکردایەتی پەکەکە

(سبەی):

ئەندامێکی سەرکرایەتی پەکەکە ئاشکرای دەکات؛ تورکیا هەمو هەوڵى بۆ سەرکوتکردنى گەلى کوردە، بۆئەوەش ئەڵمانیا هەمو هاوکارییەکی دەکات و تەنانەت پارتی دیموکراتى کوردستانیش بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنرێت.

دوران کاڵکان ئەندامی سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (فورات نیوز) ئاشکرای کردوە کە رێککەوتن و پەیوەندیی توندوتۆڵ لە نێوان بەرپرسانی تورکیا و ئەلمانیادا هەیە و هەوڵى سەرکوتکردنی کوردیش هەر لەو چوارچێوەیەدایە.

ئاماژەی بەوە کردوە؛ هەندێک وڵات لە رێگەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان تاڵان بکەن و ئیرادەى گەلى کورد لەناو ببەن.

وەک کاڵکان دەڵێت:”ئەڵمانیا نایەوێت دان بە پرسی کورددا بنێت تەنها ئەو پرسە بۆ بەرژەوەندییەکانی دەقۆزێتەوە و هەر لەو چوارچێوەیەشدایە کە دژایەتی پەکەکە دەکات، چونکە دەزانێت ئەو پارتە ئیرادەی کوردی ئازادە و دەستەمۆ ناکرێت، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ پارتی دیموکرات دروست دەکات و ئەویش بە داواکارییەکانی تورکیا و ئەڵمانیا رازی دەبێت”.

کاڵکان خۆی لە ساڵی (1988) لە ئەڵمانیا دەستگیر کراوە و نزیکەی شەش ساڵ لەو وڵاتە زیندانی کراوە کۆمەڵێک رێککەوتنی ئەڵمانیا و تورکیا بە مەبەستی دژایەتی پەکەکە و کورد ئاشکرا دەکات ئاماژە بەوە دەکات کاربەدەستانی بەرلین (30)ساڵە بەهەمو شێوەیەک هاوکاریی ئەنکەرە دەکەن لەو سیاسەتانەی کە بۆ سەرکوتی کورد بەکار دێت.

ئاماژەی بەوە کردوە بڕیارەکانی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) کە تورکیا تێیدا ئەندامە زۆربەیان لە ئەڵمانیاوە دەسەپێندرێن هەر بەوهۆیەوە تورکیا ئەوەی بیەوێت بە هاوکاریی ئەڵمانیا جێبەجێی دەکات.

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە