ئێوارەی ئەمڕۆ گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەستپێدەکاتەوە

فڕۆکەخانەی سلێمانی- ئەرشیف

(سبەی):

وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند؛ کێشەکانی نێوان هەرێـم و بەغدا بەرەو کۆتایی دەچێت و لەئێوارەی ئەمڕۆشەوە گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەستپێ دەکەنەوە.

قاسم ئەعرەجی دوای گەیشتنی بۆ سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ لە سەردانەکەماندا بۆ هەرێم پرۆژەی چارەسەری کێشەکانمان هێناوە و کردنەوەی فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکانیش، دەستپێکی چارەسەری کێشەکانە.

وتیشی: لە ئێوارەی ئەمڕۆوە گەشتە نێودەوڵەتییەکانی هەردو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەستپێ دەکەنەوە.

سەبارەت بە موچەش، وەزیری ناوخۆی عێراق وتی” حەیدەر عەبادی جدییە لە چارەسەرکردنی کێشەی موچە و بەم زوانەش کێشەکان کۆتاییان دێت، دەمانەوێت گفتوگۆی زیاتریش لەگەڵ هەرێم بکەن بۆ چارەسەری سەرجەم کێشەکان لەسەر بنەمای دەستور.

لای خۆیشییەوە د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند؛ پێش نەورۆز موچەی فەرمانبەرانی هەردو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی دابەش بکرێت و هیواشی خواست تەواوی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەرێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن و چیتر پەنا بۆ توندوتیژی و گەمارۆدانی هەرێم نەدرێت.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە