ژەهراویکردنی سیخوڕێک بەریتانیا و روسیا بۆ جەنگی سارد ئامادە دەکات

(سبەی):

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند؛ وڵاتەکەی (23) دیپلۆماتکاری روسیا دەرکردوە، ئەوەش دوای ئەوەی هەواڵگری روسیا پێش دو رۆژ کارمەندێکی هەواڵگری پێشوی روسیایان بەناوی (سێرگی سکریپال) و کچەکەی ژەهراوی کردوە، روسیاش هەنگاوەکەی بەریتانیا رەتدەکاتەوە، ناتۆش داوا لە مۆسکۆ دەکات رونکردنەوە بدات.

تێریزا مەی، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند؛ ئەگەر بێت و هەواڵگری روسیا لەو دۆسییەیەدا تێوەگلابن، ئەوا بەریتانیا دەست بەسەر سەرجەم خاوەندارێتییەکانی روسیا لە بەریتانیا دەگرێت.

وتیشی؛ لەسەر ئەو دۆسییە (23) دیپلۆماتکاری روسییان لە بەریتانیا دەرکردوە و ئامانجی ئەوەش گەلی روسیا نیە و ئەوان پەیوەندییەکان بەو رێکارانەوە نیە کە گیراونەتە بەر.

مەی رونیکردەوە، سەرجەم کۆبونەوە دو قۆڵییە باڵاکان لەگەڵ روسیا هەڵوەشێندراونەتەوە و هەروەها هیچ وەزیرێک و ئەندامێکی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا بەشداری ناکەن لە جامی جیهانی روسیا.

 

ناتۆ داوای رونکردنەوە لە روسیا دەکات


لەلایەکی دیکەوە پەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ) داوای رونکردنەوە لە روسیا دەکات سەبارەت تێوەگلانی هەواڵگری روسی لە ژەهراویکردنی سێرگی سکریپاڵ.

ناتۆ داوا دەکات روسیا وردەکاری ئەو ماددەیە بخاتەڕو کە بەهۆیەوە سکریپاڵ ژەهراوی بوە و هەروەها نمونەی ماددەکە پێشکەشی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بکات.

روسیا: بەریتانیا دەیەوێت رای گشتی چەواشە بکات


لەسەر ئەو پرسە سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند؛ بەریتانیا دەیەوێت رایگشتی چەواشە بکات و ئەوان پێیانوایە تۆمەتبارکردن لە بونی بەڵگە گرنگترە.

وتیشی: بەریتانیا هیچ بەڵگەیەکی نیە، بۆیە دەبێت بەرپرسیارێتی چەواشەکردنی رایگشتی لە ئەستۆ بگرن و لەسەر ئەو دۆسییەیەش هیچ داوایەکمان لەلایەن بەریتانیاوە بەدەست نەگەیشتوە و وەکو روسیاش ئامادەی هاوکارین لە دۆسییەکەدا و جگە لەوەش هەر داوایەکیان بەدەست بگات، ئەوا مۆسکۆ لەماوەی (10) رۆژدا وەڵام دەداتەوە و جگە لەوەش وڵاتەکەی بەهەمو شێوەیەک پابەندە بە رێککەوتنی قەدەغەی چەکی کیمیایی.

سێرگی سکریپال کێیە؟


سێرگی سکریپال، تەمەنی (66) ساڵە، لە هەواڵگری روسیا بە پلەی کۆلۆنێل خزمەتی کردوە تاوەکو ساڵی (1999)، دواتر چوەتە وەزارەتی دەرەوەی روسیا تاوەکو ساڵی (2003)، دوای ساڵێک لەوە دەستگیرکرا و دانی بەوەدانا کە لەلایەن هەواڵگری بەریتانییاوە لە ساڵی (1995)ەوە راسپێردراوە.

سێرگی دانی بەوەدا ناوە ” کە زانیاری گرنگی  گەیاندوەتە هەواڵگری بەریتانیا سەبارەت بە سیخوڕەکانی روسیا لە ئەوروپا، لەبەرامبەردا (100) هەزار دۆلاری ئەمەریکی وەرگرتوە”.

ناوبراو لە ساڵی (2016)دا سزای (13) ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام ساڵی (2010) لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕی نێوان سیخوڕەکانی نێوان ئەمەریکا و بەریتانیا ئازادکرا.
ساڵی (2011) سێرگی و خێزانەکەی چونە بەریتانیا، هاوسەرەکەی ساڵی (2014) کۆچی دوایی کرد، ساڵی (2016) خانەنشینکرا و بەریتانیا میدالیای ئیمپراتۆریەتی بەریتانی پێبەخشی.

رۆژی چواری ئەم مانگەش، ناوبراو لەگەڵ کچە تەمەن (33) ساڵەکەیدا بە بێهۆشی لەسەر شەقام دۆزرانەوە کە بەهۆی ماددەیەکی کیمیایی نەزانراوەوە ژەهراوی کرابون و دواتر رەوانەی نەخۆشخانە کران لە شاری سۆلسبێری، بەڵام تەندروستی هەردوکیان ناجێگیرە.

ئەو کارە پەیوەندییەکانی نێوان روسیا و بەریتانیای ئاڵۆزکرد، بەوپێیەی لەندەن هەواڵگری روسیا تۆمەتبار دەکات بەبەکارهێنانی غازی کیمیایی، بەڵام تائێستا مۆسکۆ ئەوە رەتدەکاتەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە