مێرکڵ؛ بۆ ویلایەتی چوارەم هەڵبژێردرایەوە

(سبەی):

پەرلەمانی ئەڵمانیا، بەزۆرینەی دەنگ متمانەی بەخشیەوە بە ئەنگێلا مێرکڵ بۆ ویلایەتی چوارەمی راوێژکاری ئەڵمانیا.

لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، پەرلەمانی ئەڵمانیا بە دەنگی (364) پەرلەمانتار لە کۆی (688) دەنگ، ئەنگێلا مێرکڵی تەمەن (63) ساڵ و سەرۆکی پارتی مەسیحی دیموکراتی بۆ ویلایەتی چوارەمی راوێژکاری ئەڵمانیا هەڵبژێردرایەوە.

لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە، مێرکڵ ویلایەتی چوارەمی سەرۆکایەتی دەستپێدەکات، ئەوەش دوای شەش مانگ دواکەوتنی، لەکاتێکدا لە (24)ی ئەیلولی ساڵی رابردەوە هەڵبژێردراون، بەڵام ئەمڕۆ متمانەیان بەخشییە راوێژکاری ئەڵمانیا و دواتر سوێندی یاسایی خوارد لەبەردەم پەرلەماندا و هەر ئەمڕۆش سەرۆکایەتی یەکەم کۆبونەوەی حکومەتی وڵاتەکەی دەکات.

مێرکڵ کێیە؟

ئەنگێلا دوروتیا مێرکڵ، لە (17)ی تەمموزی (1954) لە دایک بوە و ساڵی (1978) بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرتوە لە زانستی کیمیای فیزیایی و لە ساڵی (1989)ەوە بەشداریی کاری سیاسی کرجوە و یەکەم پۆستی جێگری وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیای رۆژهەڵات بوە و دوای روخانی دیواری بەرلین لە ساڵی (1990) وەک پەرلەمانتاری و نوێنەری ویلایەتی مەکلنبۆرگ هەڵبژێردراوە و پاشان بوە بە وەزیری ژنان و گەنجان لە حکومەتی ئەڵمانیای یەکگرتو لە ساڵی (1991)، ساڵی (1994) بوەتە وەزیری کاروباری ژینگە.

بەهۆی شکستی پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی (1988) ڤۆڵڤانگ شۆبیلیەی سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی دەستی لەکارکێشایەوە و مێرکڵ بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا.

ساڵی (2005)، ئەنگێلا مێرکڵ بە هۆی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتە براوەکانی هەڵبژاردن، بە راوێژکاری ئەڵمانیا هەڵبژێردرا و لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی (2009)ی ئەڵمانیا، پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی بردەوە و ئەنگێلا مێرکڵ وەک راوێژکاری ئەڵمانیا هەڵبژێردرایەوە.

لەهەڵبژاردن گشتییەکانی ساڵی (2013)ەش پارتەکەی مێرکڵ (41.2%)ی دەنگەکانی بردەوە و بەهاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی سۆسیالست دیموکرات حکومەتی پێکهێنا و وەک راوێژکاری ئەڵمانیا هەڵبژێردرایەوە.

لەهەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی ئەیلولی (2017) پارتەکەی مێرکل نەیتوانی زۆرینە بەدەستبهێنێت، بەڵام بەهۆی دروست کردنی هاوپەیمانێتییەکەی بەهێز لەگەڵ پارتە براوەکان، بۆ جاری چوارەم توانی متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێتەوە وەک راویژکاری ئەڵمانیا.

مێرکڵ، لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا، مێرکڵ درێژترین ماوە لە سەرۆکایەتی وڵاتەکەیدا ماوەتەوە و بەدوبارە هەڵبژاردنەوەی تەمەنی حوکمەکەی دەگاتە (16) ساڵ، بە ژنە ئاسنینەکە یان دایکی ئەڵمانیا ناسراوە، و ساڵی (2015) گۆڤاری تایم وەک بەهێزترین کەسایەتی ساڵ دەستنیشانی کرد.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە