(سبەی):
تائێستا پاره‌ی فرۆشگاكانی ناو خوێندنگاكان نه‌دراوه‌ته‌وه به‌خۆیان، له كاتێكدا پێویستییه‌كی زۆریان به سوته‌مه‌نی و پێداویستی رۆژانه هه‌یه، به‌شێك له‌و خوێندگایانه‌ش په‌نایان بردوە بۆ كه‌سوكاری خوێندكاران بۆ ئه‌وه‌ی خه‌رجی و پێداوایستیەکانیان پڕبكه‌نه‌وه.
ئێستا کە ده‌وترێت قوتابخانه و خوێندگاكان له‌ڕوی داراییه‌وه له دۆخێكی زۆر خراپدان، ئه‌مه ته‌نها قسه نییه، به‌ڵكو به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگاكان خۆیان ئه‌م قسه‌یه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه.
مامۆستا شه‌وقی ره‌سوڵ، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌كێك له خوێندنگاكانی سلێمانیه، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: هیچ كاتێك دۆخی دارایی خوێندنگه‌كان هێنده‌ی ئه‌مساڵ خراپ نه‌بوه.
داهاتی خوێندنگه‌كان ته‌نها ئه‌و بڕه پاره‌یه‌یه كه له فرۆشگاكانه‌وه ده‌ستیان ده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌مساڵ تائێستا هیچ خوێندنگه‌یه‌ك داهاتی فرۆشگاكه‌ی خۆی پێنه‌دراوه‌ته‌وه، بەوتەی به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگایەک؛ به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ بڕه پاره‌یه‌كیان له به‌رده‌ستدا نه‌بوه، بڕی (600) هه‌زار دیناریان له كه‌س و كاری خوێندكاره‌كانیان وه‌رگرتوه.
وەکچۆن حكومه‌ت سیسته‌می چارەکە موچه‌ی بۆ فه‌رمانبه‌ران داهێنا، بەشێک لە فرۆشگای خوێندنگاکانیش نیو له‌فه‌ی بۆ خوێندكاره‌كان دابین كردوه، چونكه به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه دۆخی خوێندكاران به جۆرێكه وه‌ك مامۆستایان ده‌ڵێن: هه‌ندێك خوێندكار ته‌نانه‌ت توانای كڕینی یه‌ك له‌فه‌شیان نییه.
شێرکۆ سەعید، به‌ڕێوه‌به‌ری ژمێریاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی لەوبارەیەوە رایگەیاند: به‌هۆی ئه‌وه‌ی ساڵانه وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی بۆ به‌كرێدانی فرۆشگای خوێندنگاكان له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه دواده‌كه‌وێت، بۆیه تائێستا داهاتی فرۆشگا‌كان نه‌دراوه‌ته‌وه به خوێندنگاكان.
به‌ر له قه‌یرانی دارایی داهاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی له‌ڕێگه‌ی فرۆشگای خوێندنگاكانه‌وه زیاتر له یه‌ك ملیار و (500) ملیۆن دینار بوه، به‌ڵام ساڵی رابردو به‌هۆی بایكۆت و ده‌وامنه‌كردنی مامۆستا و خوێندكارانه‌وه ئه‌و داهاته به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌می كردوه بۆ (600) ملیۆن دینار و زۆر كه‌متر له نیوه‌ی ساڵانی رابردو.