پوتن: وڵاتێك هاوكاربوە لە هێرشى سەر بنکەکانمان .. ئەمەریکا: ئێمە نەبوین

(سبەى):

ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا هێزێكی دەرەكی تۆمەتباردەكات بەهێرشكردنە سەر دو بنكەی روسیا لەناو خاكی سوریا بێ‌ ئەوەی ناوی بهێنێت، ئەمەریکاش دەڵێت: “ئێمە نەبوین”.

بە وتەی پوتن ئامانج لەو كارە تێكدانی رێككەوتنەكەی نێوان روسیا ‌و توركیا ‌و ئێران بوە لەبارەی هێوركردنەوەی رەوشی سوریا و وتیشی: “مۆسكۆ دەزانێت كێ‌ هاوكاربوە لە هێرشكردنە سەر بنكەكانی روسیا”، بەڵام ناوەكەی ئاشكرا نەكرد ‌وئەوەندەی وت ئەو وڵاتە توركیا نییە.

وتیشى:”تەلەفۆنم كرد بۆ سەرۆكی توركیا و ئەو بابەتانەی قسەمان لەبارەوە  كرد هێرشەكە بو، من دڵنیام كە سوپا و حكومەت ‌و دەسەڵاتدارانی توركیا هیچ پەیوەندییەكیان بەو كارەوە نییە. لە راستیدا بەشێك لە ناوچەی ئیدلیب پێویستە لەلایەن توركیاوە كۆنترۆڵ بكرێت”.

لەبەرامبەردا ژەنەراڵ فێنیس مكێنزی بەڕێوبەری ئەركانی هاوبەشی ئەمەریكا نكوڵی لەوەدەكات هیچ پەیوەندییەكیان بەهێرشەكەی سەر بنكە ئاسمانیەكەی روسیا هەبێت لە سوریا و وتى”ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بە هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەوە نییە بۆ سەر بنكەی روسیا”.

وتیشى: “ئێمە بەردەوام لەپەیوەندین لەگەڵ روسەكان ‌و ئەو پەیوەندییانەش بەردەوامن لەسوریا‌ و لەسەر ئاستی جۆراوجۆردایە”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە