تورکیا؛ زیانێکی گەورە بە سامانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی عەفرین دەگەیەنێت

عەفرین، شاری سەوز و زەیتون لەبەردەم پەلامارەکانی تورکیادا

(سبەی):

ئیدارەی کانتۆنی عەفرین ئاشکرای دەکات، بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر کانتۆنەکەیان کە بەناوچەیەکی کشتوکاڵی و زەیتون ناسراوە، جگەلە زیانە گیانی و ماڵییەکان، زیانێکی زۆریش بەر سامانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی ناوچەکە گەیشتوە و بەهەزاران سەر مەڕو بزن لەناوچون.

دەستەی کشتوکاڵ لە کانتۆنی عەفرین رایگەیاند: بەهۆی پەلامارەکانی تورکیاوە زیاتر لە (30) هەزار سەر مەڕو بزن لەناوچون و هەشت هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی و باخی زەیتون زیانیان پێگەیشتوە و بێخزمەت ماونەتەوە.

 

زیانەکانی سامانی ئاژەڵ

لە رۆژی (20)ی مانگی رابردوەوە، سوپای تورکیا لە زەمین و ئاسمانەوە تۆپباران و بۆمبارانی کانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانی دەست پێکردوە، سەرەڕای ئەوەی هاوڵاتی مەدەنی بونەتە قوربانیی و زیانێکی زۆری ماڵی بەر گوند و ناوچەکانی کانتۆنەکە کەوتون، زیانێکی زۆریش بەر سامانی ئاژەڵی رۆژئاوای کوردستان کەوتوە.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی کشتوکاڵی کانتۆنی عەفرین، لە ناحیەی شیراوا بەهۆی بۆمبارانی هەڕەمەکی فڕۆکەکانی تورکیا و تۆپخانەکانی ئەو وڵاتەوە زیاتر لە (150) سەر رەشەوڵاخ و (30) هەزار سەر مەڕو بزن لەناوچەکانی راجۆ و شیە و بلبلە و شرا و شیراوا لەناوچون.

هەروەک پێنج کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەر روخاون و بەتەواوەتی لەناوچون و دەیان کرێکاری کێڵگەکانیش گیانیان لەدەستداوە.

 

زیانەکانی سامانی کشتوکاڵ

کەرتی کشتوکاڵی کانتۆنی عەفرینیش بەهۆی پەلامارەکانی تورکیاوە زیانێکی زۆری بەرکەوتوە و بەپێی ئامارەکە زیاتر لە هەشت هێکتار زەوی کشتوکاڵی کە بۆ چاندنی سەوزە و میوە و باخی زەیتون بەکارهێنراون لە ئێستادا بێخاوەن و بێخزمەتن و سەرجەم زەوییەکانی سەر سنوری رۆژئاوای کوردستان و تورکیا لەئێستادا وەک ناوچەی سەربازییان لێهاتوە و خاوەنەکانیان ناتوانن بچنە سەر رەزو باخەکانیان، بەتایبەتی بەهۆی نزیکبونەوەی وەرزی بەهارەوە کە وەرزی چاندن و رەواندنی نەمام و خزمەتکردن و ئامادەکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانە.

دەستەی بەڕێوەبەری کانتۆنی عەفرین ئاشکرای کردوە؛ ناوچەی جەندرسییە زۆرترین زیانی بەرکەوتوە، کە ناوچەی چاندنی سەوزەیە و بەهۆی تۆپبارانەکانی سوپای تورکیاوە، جوتیارەکان ناتوانن بچنە سەر زەوییەکانیان و دەست بە چاندنی پێشوەختەی سەوزەی وەرزی بەهار بکەن.

 

مەترسیی کارەساتی مرۆیی

ئەندازیار سەڵاح ئیبۆ، لە دەستەی کشتوکاڵی کانتۆنی عەفرین رایگەیاند: بەهۆی پەلامارەکانی تورکیاوە مەترسی رودانی کارەساتێکی مرۆیی هەیە، ئەگەر روبەرێکی زۆری کانتۆنەکە نەچێندرێن و کشتوکاڵیان لێنەکرێت، زیانێکی زۆر بەر سامانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی ناوچەکە دەکەوێت، کە عەفرین ناوچەیەکی گرنگی کشتوکاڵی رۆژئاوای کوردستانە و پێداویستی ناوخۆیی خۆی لە کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ دابین دەکات.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە