(سبەی):
فەرماندەیەکی ئێران داوای قەرەبو دەکاتەوە لە بەرامبەر ئەو هاوکارییە سەربازیی و مادییانەی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشکەشی سوریای کردوە.
جەنەراڵ یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکاری سەرەکی کاروباری سەربازیی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاندوە؛ دیمەشق دەبێت و دەتوانێت قەرەبوی تاران بکاتەوە بە داهاتی ناوخۆیی وڵاتەکەی.
رەحیم سەفەوی بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندوە کە ئێران بە هەمو توانایەوە بەرگریی لە یەکپارچەیی خاكی سوریا کردوە و بەهایەکی زۆری گیانی و ماددی داوە و دواجار سەرکەوتو بوە لە ئەرک و کارەکانی، بەڵام دەبێت هاوشێوەی روسیا کە رێککەوتنی (49) ساڵەی لەگەڵ دیمەشق ئیمزا کردوە، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش پێگەی خۆی لە سوریادا بەهێز بکات و حکومەتی سوریاش لە رێگەی فرۆشتن و بەرهەمهێنانی نەوت و غاز و کانەکانی وزەوە بە جۆرێک لهجۆرهكان قەرەبوی مادیی ئێران بکاتەوە.
وتەکانی ئەو جەنەڕاڵەی ئێران لە کاتێکدایە میدیا جیهانییەکان و بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە ئاشکرایان کردوە کە هاوکارییە سەربازییەکانی ساڵانەی تاران بۆ سوریا بە ملیاران دۆلار خەمڵێندراوە ئەگەرچی ژمارەی راستەقینە بڵاو نەکراوەتەوە.