ئەردۆغان: لەبارەی بۆری نەوت و دەروازە سنورییەکانەوە هەماهەنگی بەغدا دەکەین

کۆبونەوەی ئەردۆغان و عەبادی

(سبەی):

ئەردۆغان رایگەیاند: لەبارەی بۆری گواستنەوەی نەوت و دەروازە سنورییەکانەوە هەمو هەمانگییەکی حکومەتی عێراق دەکەن و لەگەل یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتەدان.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند: لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقن و نیگەرانن لە ئەنجامدانی راپرسی کوردەکانی باکوری عێراق.

وتیشی :”لەبارەی بۆری گواستنەوەی نەوت و دەروازە سنورییەکانەوە هەمو هەماهەنگییەک لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دەکەین”.

سەرۆک کۆماری تورکیا گەشبینی خۆی نیشاندا بەرامبەر پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی و رایگەیاند: لەگەڵ عێراق و ئێران گەیشتینە قۆناغێکی ئەرێنی و ئامانجمان ئەوەیە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق زیاتر پەرەپێبدەین و هاوکاریی بکەین لە روبەڕوبونەوەی لێکەوتەکانی ریفراندۆم و سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەند لە سەرتاسەری عێراقدا.

ئەردۆغان داوایکرد؛ ئەنجومەنی هاریکاریی نێوان هەردو وڵات کارا بکرێتەوە و پەیوەندییە بارزگانی و سیاسی و ئەمنییەکانی نێوان هەردولا  پەرەپێبدرێت.

لەبەرامبەردا، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاند: بەرپرسانی کوردمان لەدەرەنجامە خراپەکان ئاگادارکردەوە و ویستیمان رێگریی لە ریفراندۆم بکەین، بەڵام گوێیان لێنەگرتین.

وتیشی :”رێگەنادەین هیچ کەس و لایەنێک لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت چەک هەڵبگرێت، هێزەکانمان سەرکەوتوبون لە سەپاندنی دەسەڵات لە سەرتاسەری عێراق و ئەرکی ئێمە پاراستنی یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی عێراق و پارێزگاریی کردنە لە سامانەکەی”.

راشیگەیاند: پرۆژەیەک بۆ دابەش کردنی ناوچەکە نەک تەنها عێراق هەبو دەیانویست سنورەکان بە خوێن دیاری بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە تورکیا و لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کۆبونەوەیەکی داخراوی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبونەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە