شەماڵ عەبدلوەفا
بلفۆڕ.. سیڤەر.. تیلەرسن
فیدراڵی.. ریفراندۆم.. بارزانی
سیڤەر لە بەندی (٦٢، ٦٣)دا دەڵێت کوردستان سەربەخۆ بێتو ویلایەتی موسڵیش بچێتە سەری، پشت بەستن بە بەندی ٦٢، کورد نەیتوانی دیفاع لەمە بکات چونکە ھێزو کیانێکی وای نەبو کە ئەمە بپارێزێت، بەڵام دوژمنەکانی زۆرو بەھێز بون، بۆیە لۆزان قوڕی کرد بەسەر کورد و سیڤەردا.
وەعدی بلفۆر لە ساڵی ١٩١٧دا دراوە لەلایەن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کە پەیمان دەدات بە یەھودییەکان دەوڵەتیان بۆ دروست بکات، پێیان دەڵێت (ئارام بگرن) وەعدەکەیان بردە سەرو دەوڵەتیان بۆ دروست کردن. سیڤەر شتێک دەڵێت بۆ کورد لە ساڵی ١٩٢٠دا، وەعدی بلفۆر دەقێکی نوسراوە بۆ یەھودییەکان.
با بێینە سەر نامەکەی تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە لە )٢٣ی ٩ی ٢٠١٧)دا نێردراوە بۆ بارزانیو، بەراوردێک بکەین، کە دەقەکەی سیڤەر گرنگتر و بەهێزترە یان وەعدەکەی بلفۆڕ یان نامەکەی تیلەرسن، لە کاتێکدا لە سیڤەردا کورد هیچی نەبو لە ساڵی ١٩١٧شدا جولەکە هیچی نەبو، بەڵام لە کاتی نامەکەی تیلەرسندا کورد خاوەنی حکومەت، پەرلەمان، ھێز، پارە، پەیوەندییەکان، دامازراوەکانی تر و دۆستی باشو زۆر…. ھتد بو.
ئەمە مێژوەو دەبێت سەیر بکرێت.. بنوسرێتەوە.. ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت… شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت.
دەقی نامەکە (دوا رەشنوسی نوسراو) لە ڕۆژی ٢٣ ی ئەیلولی ٢٠١٧ گەیشتوە بە کاک مەسعود، دەڵێت “جەنابی سەرۆک بەرزانی”
لەگەڵ ئەوەی لایەک لە میلەتەکەت بە سەرۆکت نازانێو پێت دەڵێت وادەی سەرۆکایەتیەکەت بەسەرچوە، بەڵام زلھێزێکی گەورەی وەکو ئەمریکا پێتدەڵێت جەنابی سەرۆک بەرزانی، باشە بۆ لەمە تێنەگەیشتی.؟
لە سەرەتای نوسراوەکەدا پێتدەڵێت “ئەم نامەیەت بە ناوی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە بۆ دەنوسم، بۆ دەربڕینێکی بێ سنور بۆ تەقدیرمان بۆ خۆتان و گەلەکەت”.
کاکە گیان، ئاخر ئەمە زۆر گرنگە، بۆ ئەو تەقدیرەت بۆ خزمەتی کورد بەکارنەھێنا.؟
پێتدەڵێت “ئێمە دەمانەوێت ئەم پەیوەندییانە لە ساڵەکانی داهاتودا بەھێزتر بکەینو ئێمە پابەندی تەواوی خۆمان بەم قسانەوە دەکەین، بە تایبەت لە ٣ ساڵی داھاتو. تەقدیرێکی گەورەمان بۆ پێشمەرگە ھەیەو ھەتا ھەتایە قوربانییەکانیان لەبیر ناکەین”.
بەڕێز کاک مەسعود، ئەم قسانە شتی زۆر گەورە دەگەیەنێت، دەبوایە وردت بکردایەتەوەو سواری قەناعەتی بێ دراسەیی خۆت نەبویتایە.
پێت دەڵێت “لەم کاتەدا ئێمە لەبەردەم ڕیفراندۆمداین لەسەر دوا ڕۆژی ھەرێم، قسەکانی خۆمان لە چەند ڕویەکەوە پێ ڕاگەیاندویت، کە بە خاڵ بۆمان دەستنیشان کردویت، لەسەر ئەم بنەمایە داواتان لێ دەکەین (بە ڕێزەوە) تا ڕەزامەندی بفەرمویت بە (بەدیل)ەکەی ئێمە کە یارمەتیتان دەدات بە شێوەیەکی باشتر بۆ فەراھەم کردنی ئامانجەکانتان بۆ پاراستنی سەقامگیریو ئاسایش”
ئەم پەرەگرافەشیان مانایەکی سیاسی تر لەخۆ دەگرێت، دەمان توانی لەو سونگەیەوە شتی گەورەمان بۆ گەلەکەمان بکردایە.
لە درێژەی نامەکەیدا “ئەم پێشنیارە بەدیلە چوارچێوەیەکی تازە دروست دەکات بۆ پەیوەندیو کێشەکانی نێوان ھەرێمو بەغدادو لە ماوەی ساڵێکدا زۆر لە کێشەکان چارە دەکەین. ھەوڵیش دەدەین پێداویستییە داراییو ئەمنییەکان چارەسەر بکەین”
جەنابی سەرۆک!!! هەروەها تیلەرسن دەڵێت “لە ڕاستیدا ئێمە لە قسەکانتان تێدەگەین لە ١٠ساڵی پێشودا. لەو ھەڵە گەورەیەش کە کورد توشی بو لە ساڵی ١٩٢١دا بۆیە لە ڕێگایەک دەگەڕێین بۆ پێشەوە بچین تا پێداویستیو داواکانی گشت لەسەر ئەم زەویە دەستەبەر بکەین، لەبەر ئەم ھۆکارانە سیاسەتی ئەمەریکا لە ئیدارەی سەرۆک ترەمپ لە پشت چارەسەری ئەم کێشانەوە دەبێت، وە دڵنیاتان دەکەمەوە کە ھێز و قورسایمان لە پشت ئەم چوارچێوە تازەیەوە دەبێت”
بەڕێز کاک مسعود، وردکردنەوەی ئەم ڕستانە زۆر دەگەیەنێت، خۆ دەبو ڕاوێژێک بە ڕاوێژکارەکانت، حزبەکەت، ئەنجومەنە سیاسییە کارتۆنییەکەت بکردایە، تا ئەوانیش قسەیەک بکەن، نازانم ڕاوێژت کردوە یا نا؟ یان چ پێویست بە ڕاوێژ دەکات، خۆت سەیدالعارفینی…
ھەتا لە نوسینەکەیدا (تکایە سەرنج بدەن، کێ دەکات بە شەریکی ئەم نامەیە) ئەنجومەنی ئاسایش، نەتەوە یەکگرتوەکان، بریتانیا و فەرەنسا، ئێ کاکە ھەمو دنیای بۆ کردی بە شەریک، ئیتر چیت دەوێت.؟
پێت دەڵێت “قبوڵی بەدیلی ڕاپرسی بکە چونکە زۆر دژوارەو ئەنجامەکانی بەرەو دواوە دەتانگەڕێنێتەوە” بۆچی بەقسەت نەکرد، عەیب بو.؟ عینادی بو.؟ باش تێنەگەیشتیت.؟
تیلەرسن تەئکید دەکاتەوە و دەڵێت “گەر نەگەیشتینە ئەنجام لەگەڵ بەغداد، ئێمە بڕیاری ڕاپرسیتان بۆ دەدەین” خۆ دەتتوانی ١ساڵ دواتبخستایە، چی دەبو؟! نە کەرکوکت دەدۆڕان نە ناوچەکانی تر، نە پێشمەرگە، کە لە ئێستادا لەوانەیە پەڕلەمان و حکومەت و فیدرالییەتیش بدۆڕێنی بەپێی قسەکانی بەغدا بێت.
هەر لە نامەکەیدا ئەم خاڵانە دەخاتە بەردەمت و دەڵێت “بۆیە داواکارین گەر بەدیلی ڕاپرسیتان قبوڵکرد، پابەند بین بەم خاڵانەوە:
- دانوستان لەگەڵ بەغداد لەسەر بنچینەی گەیشتن بە تێگەیشتن و ڕێکەوتنی ھاوبەش بۆ پەیوەندی داھاتو لە نێوان ھەردولا کە فیدڕاڵی ڕاستەقینە یان جۆرێک لەکۆنفیدڕالی یان سەربەخۆیی لەڕێی گفتوگۆی ئاشتیانەوە بێت.
- ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە شەریکی سەرەکی دەبێت لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی دەولی دژی داعش…ھتد.
- لەو باوەڕەدابن کە ھەوڵەکانمان خۆی بەردەوام دەبێت کە یارمەتی حکومەتی عەبادی بکەیت، وەکو بەشداری لە ھەڵبژاردنی نیشتیمانی ٢٠١٨..ھتد.”
“لەگەڵ ئەم چوارچێوەیەدا بۆ گفتوگۆ ھەڵدەستین بە ھاوکاری و کارئاسانی بۆ چارەسەری بابەتەکان لە ماوەی یەک ساڵدا.
_ جێبەجێ کردنی ڕێکەوتنەکان تایبەت بە دەسەڵات و داھاتەکان.
_ جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠.
_ چارەسەرکردنی بابەتەکان وەک پ.م فڕۆکەوانی و شارستانی و نوێنەرە دیبلۆماسییەکان و مەلەفەکانی تر.
کاکە گیان، ئەمانە شتی زۆر گرنگ و جەوھەرین نەک ھەر بۆ خۆت بەڵکو بۆ کوردیش، ھەمو ئەم شەرانەت بۆ نەوەکانی داھاتوت بەجێھێشت کە ئەبێت سەر لەنوێ دەست پێبکەنەوە.
لە کۆتایی نامەکەدا “لەو بڕوایەداین کە ئەم نامەیەو بڕیاری ئازایانە بە ڕەزامەندی بونتان بەم پێشنیارانە دەبێتە ھەلێکی مێژویی لە نێوان ئەمریکا و ھەرێم و عیراقدا، ئەمە دوا قۆناغی قوربانییە ھاوبەشەکانمان و سەرکەوتنەکانمان دژی داعش دەبێت”
سەرنج بدەن تیلەرسن لە دوا قسەی دا دەڵێت چی “بەناوی ئەمریکا، سەرۆک دۆناڵد ترمپ، گشت تاقمی ئاسایشی نەتەوەیی، جێگای شانازییە کار لەگەڵ تۆ بکەین” ئەم پەڕەگرافەی کۆتایی نامەکە، کرۆکە گەورەکەیە.
ئەوان فەخر دەکەن لەگەڵ تۆ دا کار بکەن، بەڵام لە ڕاستیدا جێی شانازی نییە نەک لەگەل ئەمریکا، بەڵکو لەگەڵ گەلەکەشتدا کار بکەیت.
بەڕێز جەنابی بارزانی
زۆر و زۆری تریش لە خەڵک و حیزبەکان وتیان ڕیفراندوم مەکە، دەورو بەرو دنیاش، ئەمانەت ھەموی بە نەفام و گەلحۆزانی، ئەمریکاشت ھەروا سەیر دەکرد.؟! دەزانیت بەم ھەڵوێستەت چیت لەخۆت و بنەماڵە و حیزبەکەت و کورد کرد؟!
لە سەد ساڵی پێشودا کارەساتی لەم چەشنە کارەسات بار بەر کورد نەکەوتوە، گەر کەس نەبێت دادگایی بکات حەقە ویژدانی خۆت دادگایت بکات. کەسیش خۆی ھەڵنەخەڵەتێنێت و خۆڵیش نەکەنە چاوی خەڵک و بڵێن گەر ریفراندۆمیش نەکرایە ئەمە ھەر روی دەدا، سەیری ئەم نامەیە بکەن و، با ویژدانتان بڕیار بدات، چونکە ئەم نامەیە دەکرا بکرێتە بەڵگەنامەیەکی مێژوییو ماڵ بە سەر ئەمریکاوە.