ئەڵتەرناتیڤێکی ئەم دۆخە

عەدنان شاسوار

بەهۆی، سەپاندنی ریفراندۆم‌و دەرچە کارەساتبارەکانیەوە، پارتی وەك گەمەکاری سەرەکی‌و یەکێتی وەك شەریکی تەواو، بە جوتێ لایەنی شکستخواردو ئەژمار دەکرێن‌و لە بەندیخانەی خیانەتی نیشتمانیدا، لێی کەوتون!

 

ئەمەی قەوما نوچدانێکی ساددە یا روداوێکی لابەلا نیە تا بەکەم بگیرێ؛ بەڵکو دۆخی ئێستا، بەری زنجیرەیەك سیاسەتی نەزۆکی ئەم جوتە حیزبەیە کە ماوەی حوکمڕانیان بە چارەکە سەدەیەك‌و دەرچە سیاسیەکانیشی بە پاشەکشەی بزاڤی کوردایەتی بۆ دەیان ساڵ بەرەو دوا، … دەخەمڵێ!

 

گەورە‌و بچوکی دانیشتوان، هەمو پێکهاتە سیاسی‌و مەدەنیەکانی هەرێم، سور دەزانن کە چی گوزەرا‌و بۆچی؟ بەڵام ئەوەی گرنگە چۆن چارەسەری دۆخەکە بکەین‌و ئەڵتەرناتیڤێ یا زیاتر، بۆ ئەم دۆخە نەویست‌و رەفز کراوە، بدۆزینەوە‌و گرنگتریش ئەوەیە چۆن بە پراکتیکی، ئەنجامی بدەین؟

 

بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی ئەم نەهامەتیە نەتەوایەتیە‌و رێگرتن لە پاشەکشەی زیاتر، چی بکەین؟ چۆن هەڕەشەیەکی وا گەورە بۆ هەلێکی لەبار‌و بۆ هێنانە کایەی کۆمەڵگایەکی مەدەنی‌و سیستم ئامێز، جودا لەمەی ئێستا، بقۆزینەوە؟ واتا چۆن بتوانین کێشە دەرەکی‌و ناوخۆییەکان پێکەوە گرێ بدەین بێ ئەوەی هیچیان نەبن بە یا بکرێنە قوربانی ئەوی تریان!

 

بۆ بەرچاو رونی، یەکێتی‌و پارتی سەرچاوەی کێشەکان بون‌و، لێرەوە، دەرچە ئەخلاقی‌و سیاسی‌و سەربازی، .. یەکان دەکەوێتە ئەستۆیان‌و نابێ‌و ناکرێ، رۆڵیان لە چارەسەرکردندا پێ رەوا ببینرێ! دەبێ گەل ئەم جوتە بەڵایە لەسەر شانۆی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی هەرێم، بهێنێتە خوارێ‌و بڕیار بەدەستان‌و هاوکارانیان لە دادگایەکی دامەزراوەییدا سزا بدا!

 

ئەڵتەرناتیڤی ئەم دۆخە بەوە دەبێ کە، بزاوتێکی جەماوەری مەدەنی – بەرگری ئامێز، له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌گه‌ره‌کان‌و ده‌ستکه‌وتی به‌رجه‌سته‌، سەرتاسەری بێ یا ناوچه‌یی، بخرێتە رێ. بزاوتێکی لەم جۆرە، لە کۆی قەوارە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، چالاکیەکان، کەسایەتی‌و ئەو تاکانەی کۆمەڵ … کە لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش رێکدەکەون یا لە پلاتفۆڕمێکدا لەسەر بەرنامەی لانی کەم کۆ دەبنەوە، پێکدێ.

 

لە دەری دەسەڵات، گۆڕان، گەورەترین قەوارەی سیاسی – جەماوەرییە‌و قەدەر‌ەکەی ئەمەیە کە ببێتە داینەمۆ / هەوێنی ئەم بزاوتنەی کە پەیامەکانی لە بەرژەوەندیە باڵاکانی دانیشتوانی کوردستانەوە، سەرچاوە دەگرێ!

 

بەداخەوە، پێکهاتەکان، کەم تا زۆر، لە وەڵامدانەوەیان بۆ چارەسەری دۆخەکە دواکەوتون! لەوە ناچێ، لایەنەکانی دەری دەسەڵات، ئامادەیی پێویستیان بۆ روداوەکان‌و بۆ ئەم دۆخەی هاتۆتە پێش، کردبێ! لێرەوە، دەبێ کات‌و کاری رێکخراوەیی بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە هەستیار‌و ئاڵۆزە، لەبەر چاو بگیرێ.

 

مەخابن، لا کەم هەنوکە، دەرهاویشتەی روداوەکان، هاوکێشەکەیان بە زیانی هەرێم‌و؛ بە سودی ناوەند، لاسەنگ کردوە. هه‌رێم لاوازو دۆڕاوه‌؛ ناوه‌ند بەهێز‌و براوەیه‌، مەرجەکانی ئەوان دەسەپێ‌و ئەوانەی ئێمە ژێر پێ دەنرێ!

 

بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، بۆ خۆگرتنەوە‌و راوەستان‌و وەڵامدانەوەی بیناکارانە‌و جوڵان بەرەو پێش، دەبێ رابەرانی خەڵك، خوێندنەوەی ورد بۆ ئاڕاستەی روداوەکان بکەن، خۆڕاگر‌و پۆزەتیڤ‌و ورە بەرز‌و بوێر بن، بە سەلیقەوە مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ کات بکه‌ن، بڕیار دروست بکەن‌و بیدەن، هونەری پاشەکشە‌و سەوداکاری کاتیی‌و مناوەرە، … بیناکارانە پیادە بکەن، خۆڕاگری رۆچێنن، گفت بدەن بە کوردستانیان کە ئایندەی هەرێم لە عیراق ئامن و مافی تاکی کورد لە هەرێم پارێزراو دەبن!

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە