داهاتى باشماخ (14) ملیار دینار کەمی کردوە

دەروازەى سنوریى باشماخ

(سبەى):

لەماوەى مانگى رابردودا و دواى ئەنجامدانى ریفراندۆم، داهاتى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ (14) ملیار دینار کەمى کردوە.

شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ، بە (تۆڕى میدیاى گۆڕان)ى راگەیاند؛ بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم داهاتی دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ مانگە زیاتر لە (20) ملیار دیناربوە بەڵام لە دوای (25)ی ئەیلول و داخستنی مەرزەكەوە لە مانگی رابردودا داهاتەکەى كەمتر لە شەش ملیار دینار بوە، بەو پێیەش (14) ملیار دینار کەمی کردوە.

ئاماژەى بەوەشکرد؛ ئێستا و دواى کردنەوەى دەروازەکە لەلایەن کۆمارى ئیسلامى ئێرانەوە رۆژانە (20 بۆ 30) تانكەر سوتەمەنی هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت، ئەوەشى رونکردەوە دواى کردنەوەى مەرزەکە تائێستا هیچ فەرمانبەرێكی حكومەتی بەغدا نەهاتوەتە مەرزی باشماخەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە دواى دە رۆژ لە داخستنى، دوێنێ چوارشەممە دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ کرایەوە و هەر لەو بارەیەوە سەرکونسوڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ بە سەرنجدان لە داواکارییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و رۆشنبیران و خانەوادەی پایەبەرزی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە، خاڵی سنوریی باشماخی نێوان مەریوان و سلێمانی کراوەتەوە و هەمو جموجۆڵەکانی گەشتیاران و کاڵا و شتومەک ئاسایی دەبێتەوە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە