دوا زانیاری لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق

(سبەی):

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت؛ هێشتا پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2018) تەواو نەبوە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: پێویستە وه‌زیره‌ كورده‌كان داكۆكی‌ له‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم بكه‌ن.

سەعد حەدیسی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند؛ هێشتا پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2018) تەواو نەبوە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەڵام لەکۆتایی نزیک بوەتەوە.

سەبارەت بەو زانیارییانەی لەبارەی بودجەی ساڵی (2018)ەوە بڵاودەکرێنەوە، وتەبێژی حکومەتی عێراق وتی:”ئەو زانیارییانە ورد نین”.

رونیشیکردەوە، دوای رەوانەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەتوانرێت لەوێ گۆڕانکاری تێدا بکرێت.

هاوکات مه‌سعود حه‌یده‌ر، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق بە (تۆڕی میدیای گۆڕان)ی راگەیاند؛ هه‌فته‌ی‌ داهاتو ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران گفتوگۆ له‌باره‌ی‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ داهاتو ده‌كات.

وتیشی: پێویسته‌ هه‌ردو وه‌زیره‌ كورده‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراق داكۆكی‌ له‌ جێگیركردنی‌ (17%) به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم بكه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بودجه‌ی‌ هه‌رێم بۆ (12%) كه‌مبكاته‌وه‌ ئه‌وا ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ناتوانێت هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه‌.

پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی (2018)ی عێراق دەنێردرێتە پەرلەمان و پشکی پارێزگاکانی هەرێمیش بۆ (12.67%) کەمدەکرێتەوە بەرامبەر هەناردەکردنی (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەر رەشنوسی بودجەی (2018)ی عێراق بڵاوکراونەتەوە؛ داهاتی عێراق بە (85) ترلیۆن و (331) ملیار دینار خەمڵێنراوە و نرخی یەک بەرمیل نەوت بە (43.4) دۆلار دانراوە و بڕی هەناردەکراوی نەوتی هەرێمیش بە (250) هەزار بەرمیلی رۆژانە جێگیرکراوە و پشکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش بە (12.67%)ی بودجەی گشتی عێراق دانراوە، دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی سیادە و حاکیمە.

هاوکات ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە سێ ملیۆن و (888) هەزار بەرمیلی رۆژانە خەمڵێنراوە لەناویدا (250) هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و (300) هەزار بەرمیل نەوتی پارێزگای کەرکوک.

لە پرۆژە یاساکەدا نرخی یەک دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر (1182) دینار خەمڵێنراوە.

لە رەشنوسەکەدا، بودجەی عێراق بۆ ساڵی داهاتو (22) ترلیۆن و (800) ملیار دینار کورت دەهێنێت کە دەکاتە (19%)ی کۆی گشتی بودجە و بۆ ئەوەش بەغدا پەنا بۆ قەرز دەبات بۆ پڕکردنەوەی.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە