(سبه‌ی):
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا یه‌كه‌م گه‌شتی ره‌سمیی خۆی بۆ ئاسیا ده‌ستپێده‌كات و پێشبینی ده‌كرێت پرسی به‌رنامه ئه‌تۆمیی و موشه‌كیه‌كانی كۆریای باكور و ئاڵوگۆڕی بازرگانی ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبونه‌وه‌كانی بێت له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی ئه‌و وڵاتانه‌ی گه‌شته‌كه ده‌یانگرێته‌وه.
گه‌رچی وێستگه‌ی یه‌كه‌می سه‌ردانه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ ژاپۆن ده‌بێت، به‌ڵام سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ یاریكه‌ریی سه‌ره‌كی ناوچه‌كه كه چینه له‌لایه‌ن چاودێرانه‌وه به‌بایه‌خێكی زۆره‌وه ته‌ماشا ده‌كرێت.
له‌وه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆشكی سپی گرتوه‌ته ده‌ست، هاوكاریكردنی چین له روبه‌ڕبونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی كۆریای باكور، كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی سیاسه‌ته‌كانی تره‌مپ بوه به‌رامبه‌ر ئاسایشی خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا. هه‌رچه‌نده ئیداره‌كه‌ی فشار ده‌خاته سه‌ر به‌یجین بۆ ئه‌وه‌ی بواری زیاتر بدات به‌كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان و رۆڵیان هه‌بێت له ئابوری ئه‌و وڵاته‌دا و بتوانن گفتوگۆ بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و كورتهێنانه‌ی له‌هه‌نارده‌كردنی كاڵای ئه‌مریكادا هه‌یه بۆ بازاڕه‌كانی چین.
توێژه‌ران پێیان وایه ئه‌م سه‌ردانه هه‌لێكی زۆر باشه بۆ تره‌مپ بۆ ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێكی باشی هه‌بێت له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چین به‌نیازی چییه‌و سیاسه‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی له‌داهاتودا چۆن ده‌بێت.
هه‌ر له‌و سه‌فه‌ره‌دا گرژییه‌كانی نیمچه‌دورگه‌ی كۆریاش ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆكانی تره‌مپ و مون جای ئینی سه‌رۆكی كۆریای باشور ده‌بێت كاتێك رۆژی (7)ی ئه‌م مانگه سه‌ردانی سیئۆل ده‌كات. هه‌روه‌ك تره‌مپ به‌نیازه سه‌رله‌نوێ دانوستان بكات له‌باره‌ی رێككه‌وتننامه‌ی بازرگانی ئازاد له‌گه‌ڵ كۆریای باشور.
تره‌مپ له‌یه‌كه‌م وێستگه‌ی گه‌شته‌كه‌یدا سه‌ردانی ژاپۆن ده‌كات و دواتر ده‌چێته كۆریای باشور و چین و ڤێتنام و دواوێسگه‌ی گه‌شته‌كه‌شی فلیپین ده‌بێت.