“بودجەی (2018) خراپترین بودجەیە بۆ هەرێم”

ئەحمەد حاجی رەشید

(سبەی):

بڕیاردەری لیژنەی دارایی عێراق ئاشکرای کرد؛ بودجەی ساڵی داهاتوی عێراق، خراپترین بودجەیە بۆ هەرێمی کوردستان و چەندین ئاماژەی مەترسیداری تێدایە.

ئه‌حمه‌د‌ حاجی‌ ره‌شید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مه‌ترسیه‌كانی‌ پرۆژه‌ یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی (2018)ی عێراقی‌ خسته‌ڕو، کە  له‌ دوای‌ ساڵی (2005)ەوه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ خراپترین بودجه‌یه‌ بۆ هەرێمی کوردستان، جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، چه‌ندین ئاسته‌نگ و رێگریی‌ دیکە بۆ پشكی‌ هه‌رێم دروست كراوه و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق رێژه‌كه‌ی‌ له‌ (17%)ەوه‌ بۆ (12.67%) كه‌مكراوه‌ته‌وه‌.

ئه‌حمه‌د‌ حاجی‌ ره‌شید، ئاشکرای کرد؛ ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ی‌ بودجه‌ به‌وشێوه‌یه‌ بچێته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ناتوانن رێگریی‌ له‌ تێپه‌ڕاندنی‌ بكه‌ن جگه‌ له‌وه‌ی‌ باسی‌ سه‌رژمێری‌ دانیشتوان و مافی‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانی‌ تێدا نییه‌، له‌ پرۆژه‌كه‌دا ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌واو دراوه‌ به‌ دیوانی‌ چاودێری‌ دارایی‌ عێراق لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ داهات و خه‌رجیه‌كانی‌ هه‌رێم بكات.

وتیشی‌ :”ره‌شنوسەکە له‌ڕوی‌ تێكسته‌وه‌ له‌و پرۆژه‌ یاسایانه‌ ده‌چێت كه‌ له‌ ساڵانی (2005) تا (2017) دانراون، به‌ڵام گۆڕانكاریی‌ گه‌وره‌ كه‌له‌ناو تێكسته‌كه‌دا كرابێت ئه‌وه‌یه‌، له‌هه‌ر شوێنێكدا هه‌رێمی‌ كوردستان هاتبێت، وشه‌ی‌ “پارێزگاكان”یان بۆ زیاد كراوه‌، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ی‌ مه‌ترسیداره به‌وه‌ی‌ كه‌ عیراق ده‌یه‌وێت سیستمی‌ هه‌رێم هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگاكاندا بكات.

بەوتەی ئەحمەد حاجی رەشید؛ تاكە چارەسەر بۆ نوێنەرانی كورد لە بەغدا ئەوەیە كە بەشداری نەكەن لە گفتوۆگردنی پڕۆژە یاساكەدا و نیساب تێكبدەن كە بۆ چەند كۆبونەوەیەك دەتوانن، یان لەڕێگەی دانوستانەوە كە سەنگی كورد لە ئێستادا لاوازە و لەو پێگە لاوازەوە ناتوانن مافی تەواو بەدەست بهێننین، لە بەرامبەردا عەبادی و هێزە عێراقییەكان لە ئێستادا غرورێكی زیاد لە ئەندازە گرتونی، ترسیش هەیە ئەو غرورە سەربكێشێت بۆ هەندێك شتی هەڵەشەیی كە لە پڕۆژە یاساكەدا بەدییان كردوە.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئاشکرای کرد؛ بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی (2018) بە (108) ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، كۆی داهاتی بەدەستهاتووی عێراق (85) ترلیۆن (331) ملیار دینارە كە داهاتی نەوت (72) ترلیۆن و داهاتی دیكە (12) ترلیۆن دینارە، ئەو خەمڵاندنەش مەرج نییە وەك خۆی دەربچێت،  كۆی كورتهێنان لە بودجەكە دەگاتە (22) ترلیۆن و (783) ملیار دینار، كە دەكاتە (19.3%) ی كۆی بودجەی عێراق.

هاوکات، مه‌سعود حه‌یده‌ر ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عێراق، له‌سه‌ر به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم رایگەیاند: زیادكردنی‌ بودجه‌ی‌ سیادی‌ له‌ (25%) بۆ (40%) هۆكارێكی‌ سه‌ره‌كی‌ كه‌مبونه‌وه‌ی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ دوای‌ ده‌رهێنانی‌ بودجه‌ی‌ سیادی‌ و حاكیمه‌ پشكی‌ هه‌رێم له‌ نێوان (500) بۆ (600) ملیار دیناردا ده‌بێت، له‌باشترین حاڵه‌تدا به‌شی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ مه‌ده‌نی‌ و كه‌سوكاری‌ شه‌هیدان و تۆڕی‌ پاراستنی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و به‌شێك له‌ خانه‌نشینان ده‌كات، هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش ده‌بێت له‌ڕێگایه‌كی‌ دیکە‌وه‌ موچه‌یان پێبدرێت.

بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ گفتوگۆكردن و بڕیاردان لەسەر پڕۆژە یاساكە كۆببێتەوە، دواتر رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ گفتوگۆ لەسەركردن و دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساكە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە