(سبەی):
“هه‌ڵه‌ی من وه‌كو هه‌ڵه‌ی خه‌ڵكی دیکە نییه من كاتێك هه‌ڵه ده‌كه‌م ده‌یان ملیۆن دۆلار ده‌دۆڕێنم” ئه‌مه قسه‌ی شازاده وه‌لید بن ته‌لاڵ، گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌داری عه‌ره‌به كه دوێنێ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی سعودیه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌یان شازاده‌ی دیکەدا به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی ده‌ستگیركران، ده‌ستگیركردنی ئەو سەرمایەدارە له میدیاكانی جیهان كاردانه‌وه‌ی زۆری لێكه‌وتوه، ئەوەش به‌هۆی پشكدارییه گه‌وره‌كه‌ی له بازاڕی دارایی جیهاندا.
شازاده وه‌لید بن تەڵاڵ، له‌نێو هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له سعودیه به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی ده‌ستگیركراون، هیچ كه‌سێكیان وه‌كو ئه‌م پیاوه له‌ناو بازاڕی دارایی جیهاندا به‌هێز نین.
وه‌لید بن ته‌ڵاڵ كه گۆڤاری فۆربس وه‌كو گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌داری عه‌ره‌ب پۆلێنی كردوه، سامانه‌كه‌ی ده‌گاته (18) ملیار و (700) ملیۆن دۆلار‌و به‌شدارێكی زه‌به‌لاحی بازاڕه جیهانییه‌كانه و پشكی گه‌وره‌ی له كۆمپانیاكانی وه‌كو (ئه‌پڵ) و (سیتی بانك)دا هه‌یه.
ده‌ستگیركردنی وه‌لید بن تەڵاڵ و ژماره‌یه‌كی دیکە له شازاده‌كان به‌تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی، دوای میوانداریی كردنی لوتكه‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌به‌رهێنان دێت كه له هۆتێل (ریتز كاڵتۆن) له ریازی پایته‌ختی سعودیه به‌ڕێوه‌چو.
وه‌لید بن ته‌ڵاڵ كه ته‌مه‌نی (62) ساڵه هاوبه‌شێكه كه پشكی گه‌وره‌ی له تۆڕی كۆمه‌ڵایتی تویته‌ر هه‌یه و وه‌به‌رهێنه له كۆمپانیاكانی خزمه‌تگوزاریی گواستنه‌وه‌ی (لیفت) و (كه‌ریم)، هاوكات خاوه‌نی زۆربه‌ی پشكه‌كانی گروپی كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كانی (رۆتانا گروپ)ه و پشكی له زنجیره هۆتێله‌كانی (فۆر سیزونز) و (م‌و فنبیك)دا هه‌یه.
تائێستا دیار نییه ده‌ستگیركردنی بن تەڵاڵ چ كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر بازاڕی دارایی جیهان به‌جێده‌هێڵێت، به‌ڵام كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر سعودیه ده‌ركه‌وتوه، چونكه دوای ده‌ستگیركردنی به‌های پشكی كۆمپانیاكه‌ی (كۆمپانیای ئه‌لمه‌مله‌كه قابزه) به‌ڕێژه‌ی (7.5%) له مامه‌ڵه داراییه‌كان رۆژی یه‌كشه‌ممه‌دا دابه‌زینی به‌خۆوه بینی.
وه‌لید بن تەڵاڵ له‌و سه‌رمایه‌دارانه‌یه كه ده‌وترێت به چاونه‌ترسییه‌وه به‌شداری مامه‌ڵه داراییه‌كان ده‌كات، له‌مه‌دا هه‌میشه باس له پاڵپشتییه‌كانی ئه‌و ده‌كرێت بۆ فیكرام باندیت سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری (لیستی بانك) له‌كاتی قه‌یرانه داراییه‌كه‌ی ساڵی (2008)دا هه‌روه‌ها رزگاركردنی ئه‌و بانكه له ساڵی (1991) كه ئه‌وكات ناوی (سیتی كۆرپ) بو.
ساڵی (2013) له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری (فانتی فیر) كه گۆڤارێكی مانگانه‌ی ئه‌مەریكییه، وه‌لید بن تەڵاڵ وتی :”من هه‌ڵه ناكه‌م، هه‌ڵه‌ی كاره‌ساتبار ده‌كه‌م، كاتێك هه‌ڵه ده‌كه‌م (10) ملیۆن یان (50) ملیۆن یان (100) ملیۆن دۆلار ده‌دۆڕێنم، كاتێك هه‌ڵه بكه‌یت و (100) ملیۆن بۆ (500) ملیۆن دۆلار بدۆڕێنیت ئه‌وه تۆ هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌ت كردوه.
وه‌لید بن تەڵاڵ به فه‌رمانی شا سه‌لمان پادشای سعودیه و محه‌مه‌دی كوڕی كه شازاده‌ی جێنشینه ده‌ستگیركراوه، پادشا‌و شازاده‌ی جێ‌نشین پشتیوانی زۆر له دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مەریكا ده‌كه‌ن، بۆیه تره‌مپ كاتێك كه بو به سه‌رۆك له یه‌كه‌م گه‌شتیدا بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات سه‌ردانی سعودیه‌ی كرد.
تره‌مپ له تویتێكدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر هیوای خواست سعودیه بیر له بۆرسه‌ی نیویۆرك و ناسداك و شوێنه‌كانی دیکەی ئه‌مەریكا بكاته‌وه له خستنه‌ڕوی سه‌نده‌كانی كۆمپانیای ئارامكۆدا.
له‌كاتێكدا پادشا و شازاده‌ی جێ‌نشین پشتیوانی تره‌مپ ده‌كه‌ن، وه‌لید بن ته‌ڵاڵ ره‌خنه‌ی توند له تره‌مپ ده‌گرێت، له كاتی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مەریكادا كاتێك تره‌مپ بانگه‌شه‌ی بۆ رێگریی كردن له گه‌شتی هاوڵاتیانی وڵاتانی ئیسلامی ده‌كرد بۆ ئه‌مەریكا، بن ته‌ڵاڵ له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ره‌وه ره‌خنه‌ی لێگرت و وتی :”تره‌مپ نه‌ك ته‌نیا بۆ كۆمارییه‌كان، به‌ڵكو بۆ هه‌مو ئه‌مەریكاش شوره‌ییه”.
تره‌مپ كه ساڵی (1991) یه‌ختێك و ساڵی (1995) به‌شێكی هۆتێل (پلازا)ی نیویۆركی به وه‌لید بن ته‌ڵاڵ فرۆشتوه، ئه‌وكات له وه‌ڵامی ره‌خنه‌كانیدا، بن ته‌ڵاڵی به “شازاده‌یه‌كی بێ‌ئاگا” ناوبرد و رایگه‌یاند: بن ته‌ڵاڵ ده‌یه‌وێت به پاره‌ی باوكی هه‌ژمونی خۆی به‌سه‌ر سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌مەریكادا بسه‌پێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ببێت به سه‌رۆك وه‌لید ناتوانێت ئه‌و كاره بكات.
سه‌رباری ئه‌م مشتومڕه، كاتێك تره‌مپ وه‌كو سه‌رۆكی ئه‌مەریكا هه‌ڵبژێردرا، وه‌لید بن ته‌لال پیرۆزبایی له تره‌مپ كرد.