له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
له شوێنێكدا دۆستێك پرسێكی وردی وروژاند، ئه‌و باسی ئه‌وه‌ی كرد كه خه‌ریكه حه‌یده‌ر عه‌بادی پرسی نیشتمانی بون و نانیشتمانی بون بۆ په‌رتكردنی كورد به كار دێنێت، واته به ناوی نیشتمانی و نانیشتمانیه‌وه ده‌یه‌وێت كورد له‌ت و په‌ت كات، راستی ئه‌مه دوباره‌بونه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی رابردوی حكومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق بوه به‌رامبه‌ر كورد.
ئه‌وه‌ی گرنگه كورد بیزانێت ئه‌وه‌یه نه بۆ عه‌بادی نه بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كوردیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه، شتێك نیه به‌ناوی كوردی باش و كوردی خراپ، واته ئه‌وان وه‌ك یه‌ك سه‌یری هه‌مو كورد ده‌كه‌ن، بەڵام به‌لایانه‌وه گرنگه كوردی گوێڕایه‌ڵ و گوێ له مستیان هه‌بێت، ئێستا عه‌بادی له هه‌مو لا زیاتر به‌و سیاسه‌ته كار ده‌كات، ئه‌و قسه‌و بیروڕایانه‌ی له باره‌ی بودجه‌و موچه‌و هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌ریده‌بڕێت، ته‌واوی ده‌چێته چوارچێوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌وه، بۆ عه‌بادی یاریه‌كه زیاتر زه‌لیل كردن و خۆ به ده‌سته‌وه دانی كورده، ئه‌مه‌ش له رێی سیاسه‌تی “په‌رتكه‌و زاڵبه”وه ده‌كات.
له‌م دۆخه ناجۆره‌ی ئێستادا كه هه‌رێمی كوردستان له‌نێو قه‌یرانێكی قوڵدایه‌و رۆژ به رۆژیش كێشه ئابوریه‌كان كه‌ڵه‌ك ده‌بن و له نێوخۆشدا هه‌وڵێكی زۆر هه‌یه بۆ تێكدانی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و شێواندنی پێكه‌وه‌یی ئاشتیانه، به سوكایه‌تی كردن به حیزبه‌كان، چین و توێژه جیا جیاكان، لێدان له كه‌سایه‌تیه‌كان، دروستكردنی فایل و ناووناتۆره، كه هه‌ندێ جار حیزب و كه‌سانی باڵای حیزبه‌كان له پشتیه‌وه‌ن، وایكردوه، نه‌یاره‌كانمان ئاسانتر یاریمان پێبكه‌ن، عه‌بادی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی و ئه‌وانه‌ی لێوه‌ی نزیكن له‌و روه‌وه هه‌مو دژیه‌كی و ناته‌باییه‌كی كورد ده‌قۆزنه‌وه‌و قسه‌ی له سه‌ر ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت درز‌و كه‌لێنه‌كان گه‌وره‌تر بكه‌نه‌وه، ئه‌زمونداره‌كان به ئێمه ده‌ڵێن ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌كی ترسناكه بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه، یان راكێشانی سۆزی كورد بۆ لای عێراق.
هه‌ندێك هه‌ڕه‌شه‌ی موچه خۆران له هه‌رێم و ئاماژه‌دان به روكردنه به‌غدا، تێكشكاندنی كه‌سێتی كورد و له بیر بردنه‌وه‌ی كێشه گه‌وره‌كه‌ی كه كێشه‌ی ئازادی و بونه، زۆر به وردی له ناوخۆی هه‌رێم و به‌غدا كاری له سه‌ر ده‌كرێت، كێشه ئه‌وه‌یه له رابردودا هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به هۆی گه‌نده‌ڵی و نادادی و سته‌م و ناجۆریه‌وه دۆخێكی نائومێدانه‌و به‌دگومانانه‌ی له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی هه‌رێم و ده‌ربازبونی له قه‌یران دروستكردوه و، زۆركه‌م خه‌ڵك بڕوایان وایه به‌م ده‌سته حوكمڕانیه‌وه ده‌توانرێت له‌م دۆخه ده‌رچین، ئه‌مه‌ش به قازانجی عه‌بادی و به‌غدا شكاوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی بۆ من وه‌ك هاوڵاتیه‌كی كورد، وه‌ك قوربانیه‌كی ده‌ستی سته‌مكاری ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی به‌غدا گرنگه ئه‌وه‌یه به هه‌ر شێوه‌یه‌كه رێ له‌م ته‌قه‌لا ترسناكه‌ی عه‌بادی و ده‌سته‌و دایه‌ره‌كه‌ی بگیرێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه له سه‌ر حسابی چاوپۆشی له گه‌نده‌ڵی و نادادیه‌كانی ناوخۆ نا.