ئەردۆغان باس لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەى دەکات لەگەڵ ترەمپ

(سبەى):

رەجەب تەیب ئەردۆغان باس لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەى لەگەڵ ترەمپ دەکات و ئەوە دەخاتەڕو کە لە چەند رۆژی داهاتودا  درێژە بە گفتوگۆكانیان دەدەن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك کۆماری توركیا لە وتەیەكدا بۆ پەرلەمانتاری پارتەكەی (پارتی داد‌و گەشەپێدان)، باسى لەوەکرد؛ پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی هەفتەی رابردو یەكەم پەیوەندیی نێوان خۆی ‌و سەرۆكی ئەمەریكا بوە پاش ئاڵۆزبونی پەیوەندییەكانی ئەنكەرە و واشنتۆن و ئاشكراشیكرد؛ لەو پەیوەندییەدا بە وردی قسەیان كردوە لەبارەی یەپەگە و گروپی فەتحوڵا گولەنەوە.

ئەردۆغان ئاماژەى بەوەکرد لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا لەگەڵ ترەمپ توانیویانە زەمینەیەكی هاوبەش دروستبكەن سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات و وتیشى:”لە رۆژانی داهاتودا درێژەدەدەین بەو گفتوگۆیانە کە تێیدا بە دورودرێژی قسەمان كرد سەبارەت بەچەند بابەتێك لە پرسى پەیەدە و یەپەگەوە تا فەتحوڵا گولەن و داوا یاساییەكانی دژی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەمان بۆ هاوكاری لەبواری پیشەسازیدا”.

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتریش میدیاکانى تورکیا دواى ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنیە بڵاویان کردەوە کە ئەمەریکا هاوکاریەکانى بۆ یەپەگە رادەگرێت، بەڵام دواتر وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا و هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش جەختیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنى شەڕڤانان هەسەدە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە