پشکی هەرێم دیاری نەکراوە..  بودجەی عێراق گەیشتە پەرلەمان

(سبەی):

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: حکومەت پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ناردوەتە پەرلەمان، بەپێی زانیارییەکانیش هیچ رێژەیەک بۆ پشکی هەرێم دیاری نەکراوە و بڕیارە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان دیاری بکرێت.

ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی (2018) گەیشتوەتە پەرلەمان، پشکی هەرێمی کوردستانیش لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکان دیاری کراوە و هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بە ناردنی (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەچوارچێوەی نەوتی هەناردەکراوی عێراقدا.

وتیشی :” پشکی هەرێم لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان دیاری کراوە و هیچ بڕە بودجەیەک بەناوی پارێزگای هەڵەبجە دیاری نەکراوە”.

هاوکات مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە (سبەی) راگەیاند: سندوقی دراوی نێودەوڵەتی جەختی لەوەکردوەتەوە کە پشکی هەرێم لە بودجەدا کەمە، بەپێی زانیارییەکان لە پرۆژە یاسای بودجەدا پشکی هەرێم بەژمارە دیاری نەکراوە، بەڵکو لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی دیاری دەکرێت.

ئاماژەی بەوەکرد؛ دو پێوەر هەیە لە عێراق بۆ هەژمارکردنی ژمارەی دانیشتوان، یەکێکیان پسوڵەی خۆراکی سەر بە وەزارەتی بازرگانییە، کە بەوپێیە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان (13%)ی ژمارەی دانیشتوانی عێراقە، پێوەرێکی دیکە داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراقە، بەپێی ئەو داتایانەش ژمارەی دانیشتوانی هەرێم (14%)ی رێژەی دانیشتوانی عێراقە.

سەبارەت بە پشکی پێشمەرگە لە بودجەی گشتی عێراق، رایگەیاند: داوایان کردوە پێشمەرگە بکرێتە بەشێک لە سیستمی بەرگری عێراق لەڕوی بودجە و چەک و راهێنانەوە و ئەو داوایەش لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا گفتوگۆی لەسەر کراوە، بۆ ئەوەی لەوبارەیەوە فشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە