(سبەی):
ئه‌مەریكا بەفەرمی داوا له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات په‌یوه‌ندییە دیپلۆماسی و بارزگانییەکانی له‌گه‌ڵ كۆریای باكور بپچڕێنێت و لەئەگەری سەرهەڵدانی شەڕیش پێشبینی وێران بونی تەواوەتی کۆریای باکور دەکات.
ئه‌و داوایه‌ی ئه‌مەریكا له‌سه‌ر زاری نیكی هالی، باڵیۆزی ئه‌و وڵاته له نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان هات له كۆبونه‌وه‌یه‌كی به په‌له‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له باره‌ی دوایین تاقیكردنه‌وه‌ی موشه‌كی كۆریای باكور.
هالی لەو كۆبونه‌وه‌یه‌دا رایگه‌یاند: ئه‌گه‌ر بێت‌و شه‌ڕ هه‌ڵبگرسێت ئه‌وا كۆریای باكور به ته‌واوەتی وێران ده‌بێت.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، به‌هۆی ئه‌و تاقیكردنه‌وه موشه‌كیانه‌وه حكومه‌تی پیۆنگ یانگ له‌بری پرۆسه‌ی ئاشتی هه‌ڵسوكه‌وتی دوژمنكارانه‌ی به‌رامبه‌ر جیهان هه‌ڵبژاردوه و ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی جێگه‌ی قبوڵكردن نین.
ئه‌و لێدوانه‌ی باڵیۆزی ئه‌مەریكا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان دوای ئه‌وه‌دێت كه دوێنی چوارشەممە كۆریای باكور موشه‌كێكی بالیستی كیشوه‌ربڕی دیکەی تاقیكرده‌وه.