ئاوا بەخۆشتان دەڵێن حکومەت و دەوڵەتمەدار؟

عەبدولڕەحمان عەلی رەزا

سەیرە تائێستاش هەندێ کەس هەن بەرگری و داکۆکی لەم حکومەتە ئیفلیجە دەکەن و ناوێکی زل و قەبەشیان کردۆتە پێشگرو پاشگری بەرپرسەکانی و بەدەوڵەتمەدار ناویان دەبات، بۆیە تەنها لەسەر سوتەمەنی هەڵسەنگاندنێکی کورت و پوخت دەکەین و لێیان دەپرسین:

ــ حکومەتێک نەتوانێت لەساڵێکداکە (۳٦٦) ڕۆژە بۆ خێزانێک تەنها (۲۰۰) لیتر نەوتی سپی دابین بکات کە رۆژانە کەمترلە دولیتر دەکا، چ ناو و پێناسێک شایانیەتی.

ــ حکومەتێک نەتوانێت لەمانگێکدا تەنها لیترێک سوتەمەنی بداتە فڕن ونانەواخانەکان، چەند روقایمیە بەخۆی بڵێ حکومەت لەکاتێکدا پێشتر مانگانە بۆهەر فڕنێک بڕی (٤۰۰۰)لیتر سوتەمەنییان پێدەدرا.

ــ حکومەتێک موەلیدەی ئەهلی تێیدا بتوانێت لەحکومەت و وەزارەتی کارەباکەی زیاتر تەزوی کارەبا بگەیەنێتە هاوڵاتیەکانی، کەچی نەتوانێت تەنها لیترێک گازیان بداتێ ،لەکاتێکدا ساڵانی رابردو لیترێک گاز بەنرخی (٤۱٥) دینار دەدرایە خاوەن موەلیدەکان.

ــ حکومەتێک نەتوانێت سوتەمەنی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەم هێنانی کارەبای خۆشی دابین بکات، دەبێت چ ئومێدێکی لەسەر هەڵبچنرێت.

لەکوێی دنیادا هەبوە لەهەرێمێکی بچوکی (٥) ملیۆن کەسی ( ٥ بۆ ٦ ) هەزار موەلیدەی گەورە لەکوچەوکۆڵان وبازاڕی شاروشارۆچکەکانیدا بونیان هەبێت ،لەگەڵ چەندین هێند زیاتر موەلیدەی تایبەتی بە دوکان وماڵان .

بۆیە دەبێت ئەوەش بزانین کاتێک حکومەت نەیتوانی یان نەیویست سوتەمەنی بۆ موەلیدەگشتی وفڕنەکانی نان وسەممون کردن دابین بکات ،ناشتوانێت گوشارو فشاریان لەسەر دروست بکات و بەمەش زیانلێکەوتەی گشتی کۆی هاوڵاتیانە بەتایبەت لەبەرزکردنەوەی نرخەکاندا.

دوساڵە حکومەت خۆی لەدابینکردنی نەوتی سپی ماڵان بێ بەریکردوە و هاوڵاتیانیش بەهۆی ئەو هەمو تەنگەژەو قەیرانە داراییەی بەسەریاندا سەپێنراوە نەیانتوانیوە سوتەمەنی پێویست بۆخۆیان دابین بکەن.

سەیرە پێشترو ئێستاش ڕۆژانە بتوانرێت سەدان هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی بۆری و دەیان هەزاریش لەڕێگەی تانکەرو بەقاچاخ هەناردەی دەرەوە بکەیت کەچی هاونیشتمانیەکانت لەبەربێ سوتەمەنیی مەمرەومەژی ژیان بگوزەرێنن ولەزستاندا سەرما هەڵیان بلەرزێنێ.

لەوەش سەیرترکەمایەی شەرمکردنیشە ئەوەیەهیچ بەلاتەوە عەیبە نەبێت و ڕۆژانە چاوەڕوانی پێنج تانکەر نەوتی سپی لەحکومەتی ناوەند بکەیت بۆ هەرپارێزگایەک.

تۆ بڵێی ئەم حکومەتەو دەوەڵەتمەدارەکانی ئەوەیان ورد کردبێتەوە کە ئەو (۳۰)ملیۆن لیترەی حکومەتی ناوەند بڕیاریداوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی بکات هەرخێزانێک  یاخود ماڵێک چەند لیتری بەردەکەوێت.

ئەی زانیویەتی تەنها پارێزگای هەولێر پێویستی بە(۱۰۰) ملیۆن لیترنەوتی سپی هەیە ، ئەی خێرە لەبەرامبەر پێدانی بەرمیلێک نەوت بەهاوڵاتیان لەهەولێردا بڕی (٥۱) هەزار دینار وەردەگیرێت ، کەچی لەسلێمانی بڕی (٥٤) هەزار دینارلە هەرخێزانێک وەردەگیرێت لەکاتێکدا ئەو نەوتەی دێتە هەولێرو سلێمانی سەرچاوەکەی حکومەتی ناوەندە.

بۆیە گەر تەنها لەگۆشەی سێکتەری سوتەمەنییەوە کەهەمو سێکتەرەکانی تریشیان بۆ کردۆتە قوربانی وبڕیاری سەربەخۆیی ئابوریشیان لەسەردا،  بڕوانینە ئەم حکومەتەو دەوڵەتمەدارەکانی ئەوا دەگەینە ئەو راستیەی کە ئەوەی لەم هەرێمەدا رودەدات تەنها ئەو پەندەی پڕبەپێسته کەدەڵێ (ئاشی نەزانەو خوا دەیگێڕێت ) وەزۆر نالۆژیکی و ناڕاست و نەشیاویشە چەمکەکانی حکومەت و دەوڵەتداری بلکێنرێت بەمانەوە، چونکە ئەمانە لەهەمو سێکتەرێکدا سەرکەوتو بون تەنها دەوڵەت و دەوڵەتمەداری نەبێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە