(سبەی):
دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رایگەیاند: ماوه‌یه‌كه له شاری موسڵ هه‌ست به جموجوڵی پاشماوه‌ی چه‌كدارانی داعش ده‌كرێت، بۆ ئەو مەبەستە هێزێكی تایبه‌ت ره‌وانه‌ی شاره‌كه كراوه، بۆ رێگریی کردن لە جموجوڵەکانیان.
به‌پێی راپۆرتێكی ئاژانسی ئه‌نادۆڵی تورکی: ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه پاشماوه‌ی چەکدارانی داعش و شانه نوستوه‌كانی ئه‌و رێكخراوه، له به‌شی باشوری شاری موسڵ هه‌ست به‌جموجوڵیان ده‌كرێت و كرده‌وه تیرۆریستییه‌كان زیادیان كردوه.
فه‌رمانده‌یه‌كی ده‌زگای ئاسایشی نیشتیمانی رونی كردوەته‌وه، به‌پێی زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كان، ژماره‌یه‌ك لە پاشماوه‌ی چه‌كدارانی داعش دزه‌یان كردوەته شاری موسڵ یان له ده‌وروبه‌ری شاره‌كه خۆیان حه‌شار داوه، به‌مه‌به‌ستی پیلانگێڕیی و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی.
دوای جموجوڵەکان، حكومه‌تی به‌غداد هێزێكی تایبه‌تی ره‌وانه‌ی موسڵ كردوه، به‌مه‌به‌ستی پاككردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تیی شاره‌كه له پاشماوه‌كانی داعش و شانه نوستوه‌كان، هه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ده‌ستی پێكردوه.