پیاوی چاکسازییەکان؛ تابلۆیەک بەنیو ملیار دۆلار دەکڕێت

(سبەی):

شازادە محەمەد سەلمان، جێنشینی سعودیە کە لە ئێستادا هەڵمەتێکی چاکسازیی لە وڵاتەکەی دەست پێکردوە، تابلۆیەکی داڤنشی بەزیاتر لە (450) ملیۆن دۆلار دەکڕێت.

رۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) ئاشکرای کرد؛ شازادە محەمەد کوری سەلمان جێنشینی پادشای سعودیە تابلۆی حەزەرتی مەسیح ناسراو بە “سالڤتۆر مۆندی”، یان “دڵسۆزی جیهان”ی وێنەکێشی بەناوبانگی جیهان لیوناردیۆ داڤنشی بە (450.3) ملیۆن دۆلار کڕیوە.

هەرچەندە بەپێی چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانی پێشتر بڵاوکرایەوە کە شازادە بەدری کوڕی عەبدوڵا ئالسعود کڕیاری ئەو شاکارەی داڤنشی بوە، کە ئارەزویەکی زۆری لە کڕینی تابلۆ و شاکارە دانسقەکان هەیە، بەڵام دواتر چەند سەرچاوەیەکی زانیاریی ئاشکرایان کرد، کڕیاری تابلۆکە شازادەی جێنشین بوە.

رۆژنامە ئەمەریکییەکە بڵاوی کردەوە؛ ئەو پارەیەی بە تابلۆکە دراوە زۆرترین پارەیە تائێستا بە شاکاری وێنەکێشە بەناوبانگەکان درابێت و خەرج کردنی ئەو پارەیە لەکاتێکدایە کە شازادەی جێنشین هەڵمەتێکی چاکسازیی لە وڵاتەکەی دەست پێکردوە و دەیان شازادە و سەرمایەدار و دەسەڵاتداری پێشوی بە تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستبەسەر کردوە.

ساڵی رابردوش، شازادە محەمەد کە پۆستی جێنشینی جێنشینی پادشای هەبو، یەختێکی گەشتیاریی بەبڕی (500) ملیۆن یۆرۆ کڕی، لەوکاتەی کە دەسەڵاتدارانی بنەماڵەی پاشایەتی هەڵمەتی کەمکردنەوەی خەرجی و بچوککردنەوەی حکومەت و کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی سعودیەیان دەست پێکردبو.

مانگی رابردو، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا تابلۆی سالڤتۆر مۆندی، وێنەکێشی بەناوبانگ داڤنشی بە (450.3) ملیۆن دۆلار لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کڕدرا، کە بەرزترین نرخی تابلۆ دادەنرێت لە جیهاندا.

کڕیاری سەرەکی تابلۆکە کە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە زیادکردنەکەوە کردبو بەبێئەوەی ناسنامەی خۆی ئاشکرا بکات ماوەی (20) خولەک بەشداریی زیادکردنەکەی کرد و زۆرترین نرخی لەسەر ئەو شاکارە دانا.

تابلۆی سالڤتۆر مۆندی، ساڵی (1505) لەلایەن لیۆناۆدیۆ داڤنشی ئیتاڵییەوە کێشراوە.

لیوناردیۆ داڤنشی وێنەکیشی بەناوبانگی ئیتاڵی، لە ساڵی (1519) کۆچی دوایی کردوە و لەماوەی تەمەنیدا کەمتر لە (20) تابلۆی کێشاوە کە تائێستا بەناوبانگترین و بەنرخترین تابلۆن و ژمارەیەکیان لە زیادکردنە ئاشکراکاندا فرۆشراون. 

تابلۆی “سالڤتۆر مۆندی“، لیوناردیۆ داڤنشی

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە