(سبه‌ی):
ئه‌مەریكا بڕی (150) ملیۆن دۆلار وه‌كو هاوكاری پێشكه‌ش به حكومه‌تی عێراق ده‌كات، راوێژكارێكی ئه‌و وڵاته‌ش ده‌ڵێت: به وردی چاودێریی هاوكارییه‌كان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌باشی خه‌رج بكرێن.
تۆماس ستال راوێژكار له ئاژانسی ئه‌مەریكی بۆ گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی ئاشكرای كرد، ئیداره‌ی واشنتۆن بڕیاریداوه، بڕی (150) ملیۆن دۆلار وه‌كو مینحه پێشكه‌ش به حكومه‌تی به‌غدا بكات.
ئه‌و راوێژكاره ئه‌مەریكییه رونیشیكردۆته‌وه، سێ دامه‌زراوه‌ی نێوده‌وڵه‌تی چاودێریی ئه‌و بڕه هاوكارییانه ده‌كه‌ن، كه ده‌درێن به حكومه‌تی عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی دروست خه‌رج بكرێن و به‌باشی بخرێنه خزمه‌تی گشتی.
باسی له‌وه‌ش كردوه، سه‌ردانی به‌شێك له ناوچه‌كانی عێراقیان كردوه، بۆ ئه‌وه‌ی میكانیزمی خه‌رجكردنی هاوكارییه‌كان دابڕێژن.
وتیشی: ساڵی رابردو بڕی (115) ملیۆن دۆلاریان بۆ پارێزگاكانی ئه‌نبار و سه‌ڵاحه‌دین و هه‌ولێر و چه‌ند شوێنێكی دیكه ته‌رخان كردوه.