(سبه‌ی):
وڵاتانی عه‌ره‌بی داوا له ئه‌مریكا ده‌كه‌ن پاشگه‌ز بێته‌وه له بڕیاری ناساندنی قودس به پایته‌ختی ئیسرائیل و هۆشداریش ده‌ده‌ن له‌وه‌ی كه ئه‌و هه‌نگاوه ده‌بێته هۆی نانه‌وه‌ی ئاڵۆزی و توندوتیژیی زیاتر له‌ناوچه‌كه.
پاش كۆبونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بی له قاهیره، له به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مەریكایان به پێشێلكارییه‌كی مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ناو برد.
هه‌ر به‌پێی ئه‌و به‌یاننامه‌یه، وه‌زیرانی ده‌ه‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی ته‌ئكیدیان كردوه‌ته‌وه، بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی نییه و بگره به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێته هۆی په‌كخستنی هه‌وڵه‌كانی هێنانه‌كایه‌ی ئاشتی و قوڵبونه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كان و په‌راوێزخستنی زیاتری ناوچه‌كه.
ئه‌حمه‌د ئه‌بو غه‌یت ئه‌مینداری گشتیی كۆمكاری عه‌ره‌بی داوا له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپ له‌باره‌ی قودسه‌وه ره‌ت بكه‌نه‌وه، داواش ده‌كات دان بنرێت به ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستیندا.
هاوكات جوبران باسیل وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوبنان داوای له وڵاتانی عه‌ره‌بی كرد گفتوگۆ بكه‌ن له‌باره‌ی سه‌پاندنی سزای ئابوری به‌سه‌ر واشنتۆن تاوه‌كو ناچار بكرێت پاشگه‌ز بێته‌وه له بڕیاری گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌كه‌ی له ته‌لئه‌بیبه‌وه بۆ قودس.