چاکسازی يان خۆشاردنەوە لە شکست؟!

ئاریان رەئوف

لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانى (17)ی شوباتەوە لەکاتی بونی ناڕەزایی هاوڵاتیان هەرێم دژ بە خراپی فۆرمی حوکمڕانی لەلایەن حکومەتى هەرێم کوردستان چەندین جار پرۆژەى چاکسازی لە هەرێم خراونەتەڕو، بەڵام ئەوەى تێبینی کراوە تەنها ئەو خاڵانەى نێو پرۆژە چاکسازیەکان جێبەجێکراون کە لە قازانجی دەسەڵاتداران و داورودەستەکانیان بوە بەپێچەوانەوە هاوڵاتیانی هەرێم سودمەند نەبون لەو چاکسازیانە هەربۆیە دۆخی هاوڵاتیانی هەرێم لە ساتەوەختی خوپیشاندانەکانەوە نەک باش نەبوە بەڵکو زۆر خراپتر بوە. بۆ نمونە لە پرۆژە چاکسازیەکەى حکومەتى هەرێم کە لە کۆتایی ساڵى (2015) بڕیاری لەسەردرا نەک پرۆژەى چاکسازی بو، بەڵکو پرۆژەى کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەرانی حکومەت بو بە رێژەى چارەکە موچە و نیو موچە لە  کاتێک نرخی نەوت (25) دۆلار بو، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم نرخی نەوت گەیشتەوە نزیکەى (50) دولار، کەچی چارەکە موچە و نیو موچە بە فەرمانبەران هەر بەردەوام بو، بەڵام بە (40) رۆژ جارێک!.

لەم کۆتایی ساڵی (2017) سەرلەنوێ حکومەت پرۆژەیەکی بەناو چاکسازی  پێشنیارکردوە بۆ پەرلەمان، ئەگەرچی هەندێک خاڵی ویستی هاوڵاتیانە کە ئەویش نەهێشتنی خانەنشینی پلە باڵاکان و خانەنشینی نایاساییە، بەڵام ئەمەیان تەنها وەک بەرگێکە بۆ جوانکردنى پرۆژەکە ئەگەرنا لە ناواخنیدا چەندین رێکاریى تر دژ بە موچەى فەرمانبەرانی تێدایە کە گوزەرانی فەرمانبەران خراپتر دەکات، هەروەها لێکەوتەکەى باشتربونی گوزەرانی هاوڵاتیان و موچە خۆران نیە.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە حکومەتى هەرێم بۆچى پرۆژەى سندوقی داهاتەکان جێبەجێناکان تا داهات شەفاف بێت؟ ئەى پرسی شەفافیەت لە خەرج و داهات چی لێهاتوە؟ وەڵامەکە زۆر ئاسانە ئەویش ئەوەیە حکومەت (پارتی و یەکێتى) لەم مەسەلەیەدا ئامانجیان ئەوەیە کە چۆن خەرجی کەمبکەنەوە بە شێوەیەک لە شکست دوریان بخاتەوە، بەڵام بە شێوەیەک گوزەرانی خۆیان و دارودەستەکانیان وەک پێشتر بەردەوام بێت، هەربۆیە پۆلینی خەرجەکانیان کردوە بەم شێوەیە لاى خوارەوە ئەوجا بڕیارى کەمکردنەوەى خەرجیان داوە :

  1. خەرجی نەگۆڕ: خەرجی نەگۆر بریتیە لە خەرجە تایبەتەکانی دەسەڵاتداران (پارتی ویەکێتی) و دارودەستە تایبەت و هێزە تایبەت و کۆشک و تەلار و گەشت و سەفەریان، ئەم خەرجیەیان یارایی کەمکردنەوە و چاکسازی نیە. هەر بۆ نمونە لەساڵی (2016) ئەوکاتەى کە موچەى فەرمانبەران کرا بە چارەموچە، خەرجیە تایبەت و نەگۆڕەکانیان ئەوان زیادیکرد لەوانەش کڕینی فڕۆکە و هەلیکۆپتەرى تایبەت و دانانی کەناڵی ئاسمانی و کڕینی ئۆتۆمبێلی سەربازی گرانبەها بۆ هێزە تایبەتەکان و زیادکردنی راوێژکارى بیانی گران بەهاو و خەرجى گەشت و هاتوچۆ و ئەنجامدانی کۆنفراسى تایبەت … هتد.
  2. ئەو خەرجیانەى یارایی کەمکردنەوەن: ئەم خەرجیانە کە تایبەتە بە گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێم بەگشتی و چینى موچە خۆران بەتایبەت، وەک (موچە، پرۆژە خزمەتگوزاریەکان، پارەى کۆمپانیاکان … هتد)، هەمیشە بەلای حکومەتەوە ئاسانترین کارێکە کە بەناوى چاکسازیەوە دەسکاریان بکات و کەمیان بکاتەوە، چونکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دەسەڵات و دەست و پەیوەندیەکانیان نابێت و لە هەمان کاتدا وەک چاکسازی بە هاوڵاتیانی بفرۆشێتەوە، هەربۆنمونە لە پرۆژە بە ناوچاکسازیەکیەى کۆتایی ساڵی (2015) (پرۆژەى پاشەکەوتکردنی موچە) حکومەت نەک هیچ چاکسازیەکی نەکرد بەڵکو بەردەوام بو لە سەر ریتمی پرۆسەى ناشەفافیەت و گەندەڵی لەبەرامبەریشدا موچەى فەرمانبەران کرا بە چارەک یان نیو موچە، هەر بۆیە دەبینین لێکەوتەکەى پێچەوانە بو کە دەبوایە چاکسازی گوزەرانی خەڵکی چاک بکردایە نەک خراپترى بکات. لەم پرۆژە نوێەشدا هەمان لێکەوتەى ئەبێتەوە کە ئەویش کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەران و موچە خۆرانە کە هەمان لێکەوتەى (پرۆژەى پاشەکەوتکردنی موچە) لێ چاوەروان دەکرێت.

لێرەدا بۆمان رون دەبێتەوە کە حکومەت بۆ چارەسەرکردنی شکستى خۆی کە توانایی دابینکردنی موچەى نیە دێت سەر لەنوێ دەست بۆ موچەى موچەخۆران دەبات، بەڵام بەرگێکی ترى پیادا دەدات (نەهێشتنی خانەشینی نایاسایی و پلە باڵاکان) بۆ ئەوەى هاوڵاتیان چەواشە بکات، لەکاتێکدا چاکسازی دەبێت لە پرسی فرۆشتنی نەوت و خەرج و داهات و هەروەها خەرجی کۆشک و تەلار و هێزی تایبەت و دەربار و دارودەستە و کەناڵە راگەیاندنە زۆر و زەبەند و فرە خەرجەکانیان بکرێت، چونکە ئەم چاکسازیەیان کاریگەرى لە سەر گۆڕینی گوزەرانی هاوڵاتیان دەبێت نەک پێچەوانەکەى.

لەکۆتایدا دەتوانین بڵێین پرۆژە بەناو چاکسازیەکەی حکومەتی هەرێم بۆ شاردنەوەی شکستی حکومەت و خۆشاردنەوەیە لە شەفافیەتی داهات و خەرجی نەک چاکسازی راستەقینە و داخوازیەکانی هاوڵاتیان.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە