دیموکراتی و نیشتیمان؛ دو وشە دزراو و داگیرکراوەکە!

جەلال دیموکرات

ئەم دو وشەیەی سەرەوە ئەوانیش وەکو هەمو کایەکانی تری ئەم وڵاتەمان داگیرکراو و دابەشکراون، یەکێکیان لەلایەن حیزب و دەسەڵاتی ئەولاوە داگیرکراوە و ئەمی دیکەشیان لەلایەن حیزب و دەسەڵاتی ئەملاوە داگیر کراوە.

نەک هەر بەوەوە نەوەستاون کە سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی ئەم وڵاتەیان دابەشکردوە لە نێوان خۆیاندا لە ماوەی (27) ساڵی رابردودا، دوای راپەڕینەکەی بەهاری 1991 و لە سەرەتای دەسەڵاتی حیزبی کوردی لە هەرێمی کوردستان، هەر حیزبەو بەپێی قەبارەو هەژمونی خۆی دەستی کرد بەداگیرکاری، بەتایبەت ئەو ئامێرو ئامرازانەی لە دوای کۆتایی هاتنی حوکمی بەعس لە هەرێمی کوردستان بەجێمابو، لەکاتێکدا دەکرا بەکاربهێنرێ بۆ ئاوەدان کردنەوەی کوردستان و خزمەتی گشتی، بەڵام بەداخەوە وەها دەرنەچو.

خەڵک کە هیوای  لەسەر کۆتایی هێنان بە رژێمی بەعس و قۆناغی نوێ و حوکمڕانی کوردی هەڵچنیبو، هەرزو ئەم حیزبانە لەباریان برد، وڵاتیان دابەشکرد، ئامانجەکە گۆڕا بۆ بەرژەوەندی حیزبی و ماوەی چەند ساڵێک بەهۆی شەڕی ناوخۆ و فەرامۆشکردنی خەڵک و وڵات، میلەتیان لەناو قات و قڕی و برسێتی بەجێهێشت، سوتەمەنی ناکۆکی حیزبی و شەڕی ناوخۆ خوێنی رۆڵەی ئەم میلەتە بو، لەهەمان کاتدا تێچوەکەی هەر سەروەت و سامانی ئەم گەلە بو. شەڕیک کە بۆ بەرژەوەندی و هەژمونی حیزبی، لەسەر داهات و گومرگ و سامانی وڵات و بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندی خۆیان.

ئەوەی مەبەستمە لەم وتارەدا باسی بکەم، ئەوەیە کە ئەم دو حیزبە هەر بەوەوە نەوەستاون ئەوەی هەیە داگیرو دابەشی بکەن، بەڵکو دەستیان بۆ دو ناوی پیرۆز بردوەو قۆرخ و داگیریان کردوە، روکەشانە بەکاری دەهێنن و لەژێر ئەو ناوەشدا دەیان پێشێلکاری و کردەوەی نامرۆڤانەو دژە گەل و وڵات ئەنجامدەدەرێن، لەژێر ئەو ناوانەدا راستی و هەقیقەت و ماهیەتی خۆیانی پێ دەشارنەوە، ئەگەر ئەو دو ناوە زمانیان هەبوایەو قسەیان بکردایە ئەوا سکاڵایان لەسەر ئەو دو حیزبە لە دادگای ویژدان و مێژو تۆمار دەکرد بەوەی کە ئەوان بێ بەرین لەو دو حیزبەو ئەو دو حیزبەش بێ بەرین لەو دو ناوە؛ نیشتیمان و دیموکراتی!

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە