چۆمان محەمەد عەلی
ساڵی 2018 جیاواز له ساڵانی تر له روی جوڵه‌ی سیاسی و دیموكراسیه‌وه چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامدانی چوار هه‌ڵبژاردنی گشتین له هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌وانیش هه‌ڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم گه‌ر گۆڕانكاری له یاسا‌دا نه‌كرێت و سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك نه‌گۆڕن، ئه‌م چوار پرۆسه‌یه وه‌ك ماوه‌ی یاسای و بنه‌ما دیموكراسیه‌كان پێویسته له‌م ساڵدا به‌ڕێوه‌بچێت، به‌واتایه‌كی تر گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ملبده‌ن بۆ سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌كان له ماوه‌ی خۆیدا ئه‌مساڵ ده‌بێته ساڵی هه‌ڵبژاردن له كوردستان كه زۆرترین هه‌ڵبژاردنی تیا به‌ڕێوه ببرێت.
نه‌ریتی درێژكردنه‌وه
له هه‌رێمی كوردستاندا حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌رگیز پابه‌ند نه‌بوه به ته‌واوبونی ماوه‌ی یاسایی دامه‌زراوه شەرعیه‌كان كه چوار ساڵه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا كه یاسای دیاریكردوه هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وه‌نده له خه‌می جێگیركردنی بنه‌مای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوانه بون، هه‌رگیز له خه‌م و هه‌وڵی كاركردن نه‌بون به ته‌واو بونی ماوه‌ی یاساییان و نه‌یانكردۆته نه‌ریتێكی سیاسی و دیموكراسی رێز لێ‌گیراو، وا خه‌ریكه ئه‌م عورفه ناشرین و نادیموكراسیه ده‌گوازنه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پەرلەمانی عێراق، له كاتێكدا له نێو حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ‌دا، سه‌رباری ده‌یان كێشه‌و گرفتی دارایی و شه‌ڕ دژی داعش و ناسه‌قامگیری ئاسایش و تێكشكانی جومگه‌كانی وڵات، هه‌رگیز هه‌ڵبژاردنیان دوانه‌خستوه، ئێمه له هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی رابردویه‌كی كه‌ڵه‌كه‌بوین له بابه‌تی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاسای ده‌سه‌ڵات دامه‌زراوه هه‌ڵبژێراوه‌كان، له‌هه‌ر چوار خوله‌كانی پەرلەمانی كوردستان ماوه‌ی خۆیان درێژكردۆته‌وه تا له دواین خولی پەرلەمان كوردستان به یاسای ژماره 1 ساڵی 2017 بۆ دو خولی گرێدان ماوه‌ی خۆی درێژكرده‌وه، هه‌ر به‌پێی یاسای ژماره 19 ساڵی 2013 ماوه‌ی دو ساڵ بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم درێژكرایه‌وه، له ئێستادا مه‌ترسیه‌كی هه‌ستپێكراو هه‌یه له‌مه‌ڕ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم كه 30/4/2018 ماوه‌یان ته‌واو ده‌بێت، لە هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه بڕیاره 12-5-2018 به‌ڕێوه‌بچێت، به‌شێكی حیزبه سونیه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ده‌یانه‌وێت هه‌ڵبژاردن دوابكه‌وێت بۆ ماوه‌ی ساڵێك، هه‌رچه‌نده ئه‌مه‌ریكا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و وڵاتانی ئه‌وروپی له‌سه‌ر هێڵن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له واده‌ی خۆیاندا ئه‌نجامبدرێت، چونكه دواخستنی هه‌ڵبژاردن له عێراقدا كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر دۆخی ئه‌منی و ركابه‌رو ململانێی سیاسی نێوان هێزه سیاسیه‌كان ده‌بێت، دۆخی سیاسی له عێراقدا ئاڵۆزتر ده‌كات، بۆیه تا ئێستا یه‌كلانه‌بۆته‌وه ئایا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت یاخود نا.
ئامانجی درێژكرنه‌وه‌ی ماوه‌ی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه شەرعیه‌كان
ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم به تایبه‌تی یه‌كێتی و پارتی، له ساڵی 1992 تا ئه‌م ساته به‌ڕێگه‌و شێوازی جۆراوجۆر‌و رێگه‌ی جیاواز ماوه‌ی یاسای دامه‌زراوه و ده‌سه‌ڵاته هه‌ڵبژێراوه‌كانیان درێژكردوەته‌وه، ملكه‌چی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه گشتیه‌كان نه‌بون، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و راستیه‌یه تا ئێستا هه‌ڵبژاردن نه‌بوەته ئامڕازێكی دیموكراسی په‌یڕه‌وكراو و پرۆسه‌یه‌كی گرنگ له كایه‌ی سیاسی و ژینگه حیزبایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه و هه‌ركات ترس و مه‌ترسیان هه‌بوبێت له هه‌ڵبژاردن، به‌هۆكارو پاساوی جۆر به‌جۆر هه‌ڵبژاردنیان دواخستوه، گه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌كانیان لاڕون نه‌بوایه و ده‌رئه‌نجامێكی مسۆگه‌ر و پێشوه‌خته نه‌بونایه، ئه‌وا ملیان نه‌داوه بۆ هه‌ڵبژاردن، هۆكاری ئه‌مانه‌ش ترس بوه له خودی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی، چونكه گه‌ر لە واده‌ی خۆیدا هه‌ڵبژاردن بكرێت رۆشنبیری زیاتر و زیاتر له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكدا لای هاوڵاتیان دروست ده‌بێت، وا ده‌كات ده‌نگده‌ر سزای حیزبی خۆفرۆش و شكستخواردو و بێ به‌رنامه و بێ پلان بدات، له رابردو هه‌مو هێزو قوه‌تی خۆیان خسه‌گه‌ر رێگریان كرد به یاسا له پەرلەمانه‌وه واده‌یه‌كی جێگیر بۆ هه‌ڵبژاردن دیاریبكرێت، هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردو كه ئه‌نجامدراوه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار ، له ماوه‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن تا دواین هه‌ڵبژاردن به‌رده‌وام ده‌رئه‌نجام و كێرڤی جه‌ماوه‌ری و ده‌نگدانیان كه‌میكردوه، گرنگه هه‌وڵی جێگیركردنی ئه‌و وادانه بدرێت، چونكه واده‌كات ململانێی نێوان لایه‌نه سیاسیه‌كان زیاتر به‌ره‌و ململانێی شارستانی و مه‌ده‌نی و پلان و به‌رنامه‌ی كار و خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان ده‌بێت له نێوان لایه‌نه سیاسیه‌كان، بۆیه هه‌میشه ئامانجی سیاسی و مه‌رامی حیزبی و بنه‌ماڵه‌ی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له پشت دواخستنه‌وه‌كانبون، ده‌نا هیچ پاساو و هۆكارێک نابێته بنه‌مایه‌كی لۆژیكی و گونجاو كه كاری نایاسایی بكرێت و رێز له ده‌نگی ده‌نگده‌ر نه‌گیرێت، كه بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ وه‌ك گرێبه‌ستێكی كاتی ئه‌و دامه‌زراوه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌ڵبژێراوه‌یان دروست كردوه.
بێ هیواكردنی هاوڵاتیان له هه‌ڵبژاردن
یه‌كێتی و پارتی به مه‌به‌ست و پلانی پێشوه‌خته هه‌میشه هه‌وڵیان داوه رۆڵی و كاریگه‌ری و قورسای هه‌ڵبژاردن نه‌هێڵن، ئه‌و وێنایه لای ده‌نگده‌ران و هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان جێگیر بكه‌ن، كه هه‌ڵبژاردن ئامرازێكی لاوه‌كیه‌و هیچ گۆڕانكاری ریشه‌ی به‌وای خۆیدا ناهێنێت له‌ڕوی حوكمڕانی و سیاسیه‌وه نابێته پێودانگێگ بۆ ده‌ستاو ده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات، تا له‌دواین لێدوانی یه‌كێك له مه‌كته‌ب سیاسیه‌كانی ئه‌و هێزانه باسی ئه‌وه‌ی كردوه ئه‌گه‌ر یه‌ك كورسی پەرلەمان بهێنن هه‌ر خاوه‌نی هێزو قورساین، ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ڕی ترس و بێمتمانه‌ییه له‌به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌وه‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی به دڵی ئه‌وان نابێت، توانای ململانێ مه‌ده‌نی و هه‌ڵبژاردنیان نه‌ماوه، ناشتوانن خۆیان بگونجێن له‌گه‌ڵ ئه‌م پرۆسه دیموكراسیه، قبوڵ ناكرێت كه رۆژ به رۆژ قه‌باره‌یان له بچوكبونه‌وه دابیت، هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان گرنگه ئه‌م پلانه‌یان لا رونبێت، هه‌رگیز ئه‌م پاساوانه ساردیان نه‌كه‌نه‌وه له پرۆسه‌یه‌كی گرنگ و گه‌وره‌ی وه‌ك هه‌ڵبژاردن، سه‌رباری خراپی گوزه‌رانی خه‌ڵگ و بژێوی ژیانیان، به‌ڵام پێدانه‌وه‌ی شەرعیه‌ت به‌هێزه شكستخواردوه‌كان دوباره له رێگه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه، پێویسته سزای هاوڵاتیان روبه‌ڕویان بێته‌وه هه‌ر تاكێك وه‌ك هاوڵاتی هه‌رێم موماره‌سه‌ی ئه‌م مافه سیاسیه گرنگه بكات، تاوه‌كو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له بری ئه‌مان به رێگه‌ی ساخته‌كاری ده‌نگیان بۆ نه‌ده‌ن، بۆ گۆڕینی ئه‌م كاسته سیاسی و ده‌سه‌ڵاته حوكمڕانه پێویسته رێگه‌ی مه‌ده‌نی و شارستانی دیموكراسی بگرنه‌به‌ر، یاخود بچوكردنه‌وه‌ی قەبارەی ئه‌م هێزانه به به‌شداری هاوڵاتیان ده‌بێت، به‌شدارینه‌كردنی هاوڵاتیان و بێهیواكردن و ره‌شبینیان له به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردن، راسته‌وخۆ به‌دیهێنانی ئامانجی هێزی ده‌سه‌ڵاتداران و به‌ده‌وامیدانه به مانه‌وه‌یان.
چۆن خۆمان ئاماده بكه‌ین بۆ هه‌ڵبژاردن
هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمی كوردستان بۆ پەرلەمانی كوردستان بابه‌تێكی حه‌تمیه و ده‌بێت ئه‌نجامبدرێت، گله‌ی و گازنده و ره‌خنه‌ی زۆر هه‌یه له‌و تۆماری ده‌نگده‌رانه‌ی كه بڕیار وایه هه‌ڵبژاردنی پێی ئه‌نجامبدرێت، خه‌وشی كه‌موكوڕی و پیسی ئه‌و تۆماره به چه‌شنێكه كه ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌گۆڕێت، له‌پاڵ ئه‌و هه‌مو ره‌خنه‌و گازندەیەی له‌سه‌ر ئه‌و تۆماره هه‌یه، جوڵه و به‌رنامه و پلانی هێزه سیاسییه‌كان تا ئه‌م ساته هه‌نگاوێكی سارد‌و سڕه به گرنگی و كاری له پێشینه سه‌یر نه‌كراوه به تایبه‌ت بۆ ئه‌و هێزه سیاسیه مه‌ده‌نیانه‌ی كه هه‌ڵبژاردن و به‌تاكه ئامڕازی دیموكراسی و ئاشتیانه‌ی ده‌ستاو ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ده‌زانن، گرنگه ئه‌م هێزانه له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی هاوكاری كۆمسیۆنی هه‌رێم بكه‌ن تاوه‌كو ئه‌و تۆماره پاكبكرێته‌وه، فشاری زیاتر بكه‌ن كه ئه‌سته‌مه به‌و تۆماره‌وه هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه بچێت، له نزیكترین واده‌دا ئه‌و تۆماره پاكبكرێته‌وه، حكومه‌ت و وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان هاوكاری راسته‌قینه‌ی كۆمسیۆن بن بۆ ئه‌م پرسه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا گرنگه به‌رده‌وام هۆشیاری و به‌رچاوڕونی زیاتر بدرێته هاوڵاتیان به‌رامبه‌ر به سود و گرنگی هه‌ڵبژاردن و رۆڵی ده‌نگده‌ر و قازانجه به‌ده‌ست هاتوه‌كانی له رابردو، هانیان بدرێت بۆ به‌شداری له سیسته‌می بایۆمه‌تری، هه‌مو هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌ك بدرێت بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان ژماره 1 ساڵی 1992 هه‌مواركراو یاخود دانانی یاسایه‌كی نوێ كه بابه‌تی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن و بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن و بابه‌تی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یه‌كان و ده‌نگدانی تایبه‌ت رێكبخرێت.