روسیا رێگریی بۆ هێرشەکانی تورکیا لە عەفرین دروست دەکات

چەکدارانی سوپای ئازاد لە سنوری عەفرین

(سبەی):

ئاژانسێکی روسیا ئاشکرای دەکات، روسیا بە چڕکردنەوەی هێرشەکانی لە ئیدلەب، رێگریی بۆ پەلامارەکانی تورکیا بۆ عەفرین دروست دەکات و بەشێکی زۆری چەکدارانی “سوپای ئازادی سوریا” لە ئۆپەراسیۆنی “چڵە زەیتون” دەکشێنەوە.

ئاژانسی سپوتنیکی روسی بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی گۆڕینی پلانی ئۆپەراسیۆنی رژێمی سوریا بەپشتیوانی سوپای روسیا، بۆ سەر دوا مۆڵگەکانی ئۆپۆزسیۆن لە پارێزگای ئیدلەب، بەشێکی زۆری گروپە چەکدارەکانی سوپای ئازادی سوریا لە ئۆپەراسیۆنی چڵەزەیتونی تورکیا بۆ سەر عەفرین کشاونەتەوە.

سپوتنیک، ئەو هەوڵەی بە پلانی روسیا بۆ رێگریی کردن لە پەلامارو هێرشەکانی تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ سەر عەفرین ناوبردوە و ئاشکرای کردوە؛ پلانی ئۆپەراسیۆنەکانی رژێمی سوریا لەلایەن گەورە ئەفسەر و سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای وڵاتەکەیەوە دادەڕێژرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، بەهۆی چڕبونەوە و گۆڕینی پلانی هێرشەکانی سوریا و روسیا لە پارێزگای ئیدلەب، بەشێکی یەکەکەکانی سوپای ئازاد بە پەلە لە سنوری عەفرین کشاونەتەوە و بەناو خاکی تورکیادا خۆیان گەیاندوەتە شاری سەرقب لە سنوری ئیدلەب کە دوا مۆڵگەی چەکدارانی تەحریر شامە لە پارێزگای ئیدلەب.

هەر لەوبارەیەوە، سپوتنیک پشت بەستن بە زانیارییەکانی رۆژنامەی نیزافیسیمایا گازێتای روسی بڵاوکردەوەتەوە، بەهۆی کشانەوەی ئەو یەکانە لە بەرەکانی شەڕی عەفرین، ئەگەر هەیە سوپای تورکیا هێزی پێویستی لەسەر زەوی بەدەستەوە نەمێنێت بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی و ناچاری کشانەوەبێت، بەڵام بەدوای بیانویەکدا دەگەڕێت بۆ ئەو کارەی.

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا بڵاوی کردەوە، (25) هەزار چەکداری سوپای ئازادی سوریا پاڵپشتی هێرشەکانیان دەکەن بۆ سەر عەفرین.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە