هیومان رایتس وۆچ: تورکیا دەست لە ئاوارە سورییەکان ناپارێزێت

پاسەوانی سنوری تورکیا

(سبەی):

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ رەخنە لە تورکیا دەگرێت کە رێگریی لە هاوڵاتیانی سوریی دەکات بچنە وڵاتەکەی و هێز و گولـلە دژیان بەکاردەهێنێت و تەنها لەیەک مانگدا (13) کەسی کوشتوە لەوکاتەی ویستویانە وەک ئاوارە بچنە خاکی وڵاتەکەیەوە.

لە راپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ شەممە، بڵاوی کردوەتەوە، رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) رایگەیاندوە: تورکیا هێز و گولـلە دژی ئەو هاوڵاتییە سورییانە بەکاردەهێنێت کە لە شەڕی ناوخۆیی سوریا و بەتایبەتی لە سنوری پارێزگای ئیدلەبەوە رو لە سنورەکانی دەکەن و بەشێکی ئەو ئاوارانەی چونە خاکی تورکیاوە بەزۆر دەیانگەڕێنێتەوە بۆ ناو “ئاگری شەڕی ناوخۆی سوریا”.

بەپێی راپۆرتەکە تەنها مانگی رابردو، چەکدارانی پاسەوانی سنوری تورکیا (13) ئاوارەی سورییان لەسەر سنورەکان کوشتوە کە یەکێکیان منداڵە.

هیومان رایتس وۆچ ئاشکرای کردوە؛ بەهۆی شەڕی پارێزگای ئیدلەبەوە لەنێوان سوپای رژێمی سوریا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر لە (272) کەس ئاوارە بون و بەشێکیان ویستویانە بچنە خاکی تورکیاوە، بەڵام پاسەوانی سنوری تورکیا بەشێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان لێکردون.

بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رێکخراوەکە رایگەیاندوە: ئەو هاوڵاتییە سورییانەی کە بەدوای پەناگەیەکی ئارامدا دەگەڕێن، لەلایەن تورکیاوە ناچار دەکرێن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، ئەوەش بەهۆی تەقەکردن و مامەڵەی خراپ و لێدان و سەکایەتی پێکردن لەلایەن پاسەوانی سنوری تورکیا و هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەنجێلا رەشۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی تەندروستیی کانتۆنی عەفرین؛ رایگەیاند: بەهۆی (14)رۆژ تۆپباران و بۆردومانی تورکیا بۆسەر عەفرین (150) کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە (298) کەسیش بریندار بون.

رەشۆ رونی کردوەتەوە؛ زۆربەی قوربانییەکان هاوڵاتییانی عەرەبن و ئەوانەن کە لە ناوچەکانی دیکەوە پەنایان بۆ عەفرین هێناوە و وتویەتى: “بەداخەوە لە یەکەم رۆژی پەلامارەکانی تورکیاوە وا دەردەکەوێت کە هاوڵاتیانی مەدەنی دەکرێنە ئامانجی تۆپباران و بۆردومانەکان بۆیە زۆرینە قوربانییەکان هاوڵاتی مەدەنین”.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە