مەرزە لاوەکییەکانی نێوان هەرێم و ئێران دەکرێنەوە

مەرزی سەیرانبەن

(سبەی):

کونسوڵخانەی ئێران دەستپێکردنەوەی جموجوڵی بازرگانیی لە مەرزە لاوەکیی و نیمچە فەرمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی راگەیاند.

کونوسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند: دوای گفتوگۆیەکی چڕ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق، رەزامەندی دراوە بۆ دەستپێکردنەوەی جموجوڵی بازرگانی لە مەرزەکانی (کێلێ- سەردەست) و (سەیرانبەن- بانە) و (شوشمێ- پاوە) و پاسەوانی سنوری هەردولاش لەو بڕیارە ئاگادار کراونەتەوە.

رایگەیاندوە: جموجوڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بازاڕەکانی سەر سنور دەستی پێکردوەتەوە و بازرگانان دەتوانن ئاڵوگۆڕ و هاوردە و نارندەکردن ئەنجام بدەن.

ئەو بڕیارە دوای ئەوەدێت، کە هەفتەی رابردو بە بڕیاری حکومەتی عێراق سەرجەم دەروازە لاوەکی و نافەرمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان داخران، تائەوکاتەی رێوشوێنەکانی بەفەرمی ناساندنیان تەواو دەکرێت.

رۆژی دوشەممەی رابردو، دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ئاشکرای کرد؛ لیژنەیەکی باڵا بۆ کردنەوەی هەردو دەروازەی سنوریی کێلێ و سەیرانبەن لە پارێزگای سلێمانی پێکهێنراوە تا بەشێوەیەکی فەرمی و وەک دو دەروازەی نێودەوڵەتی سنوریی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بناسرێن و دوای تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکان، راسپاردەکان ئاراستەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکرێت وەک سەرۆکی دەسەڵاتی فیدراڵی و خاوەنی بڕیار لەوبارەیەوە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە