شەش هەزار کۆمپانیا “بندیوار”ن

روخاندنی بینای کۆنی سایلۆی سلێمانی لەلایەن کۆمپانیایەکی وەبەرهێنەوە- 2/2/2018

(سبەی):

بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی و مافی بەکاربەر ئاشکرای دەکات، شەش هەزار کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان ناویان بەفەرمی تۆمار نەکراوە و بە “کۆمپانیای بندیوار” ناوی دەبات.

عەبدولڕەحمان عەلی رەزا، بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی و مافی بەکاربەر لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: لەچەند رۆژی رابردودا بۆ ئاگاداربون لەشێوازی وەرگرتنی باج و ژمارەی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجی کۆمپانیاکان و خانوبەرەی میرییان کردوە لەشاری هەولێر و بۆیان دەرکەوتوە کە (25)هەزار کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان هەن و لەو ژمارەیەش  (19)هەزاریان لەو بەرێوەبەرایەتییە تۆمارکراوە.

وتیشی :”بەوپێیە شەش هەزار کۆمپانیا کە لەهەرێمدا هەن ناویان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کۆمپانیاکان تۆمارنەکراون، بەواتا گشتی و بەربڵاوەکەی ئێستا ئەوانە بندیوارن”.

بەوتەی بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی، بەپێی یاسا هەرکۆمپانیایەک ماوەی سێ ساڵ لەسەریەک بێ قازانج بێت واتا لە زیاندا بێت، ئەوا ئەو کۆمپانیایە شایانی مانەوە نییە، هەر کۆمپانیایەکیش لەماوەی ساڵێکی تەواودا هیچ جۆرە کاروچالاکییەک ئەنجامنەدات ئەوا پێویستە و دەبێت دابخرێت.

سەبارەت بەبڕی داهاتی باج، ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای کرد؛ داهاتی ساڵی رابردوی واتا (2017)ی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بریتی بوە لە (207) ملیار دینارە کە رێژەکەی زیاترە لەساڵانی (2014، 2015، 2016) کە لەهەرێمی کوردستان ساڵانە رێژەی (15%)ی قازانجی هەر کۆمپانیایەک وەک باج لەکۆمپانیاکان وەردەگیرێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە