(سبەی):
كۆنگرێسی ئەمەریكا نەیتوانى بودجه‌یه‌كی نوێ په‌سه‌ند بكات، بەو هۆیەوە حكومه‌تی فیدراڵی ئەو وڵاتە بۆ دوەمجار له ماوه‌ی ئه‌مساڵدا لەکاربکەوێت، ئەو دۆخەش بەردەوام دەبێت و تەنها کەرتە خزمه‌تگوزارییه‌كان لەکاردا دەبن تا بودجه‌ی نوێ ده‌خرێته كار.
دواى ئەوەى چواره‌مین بودجه‌ی كاتیی كه به‌ڕێكردنی چالاكییه‌كانی دامه‌زراوه گشتییه‌كانی فیدراڵی له ئه‌مەریكا ده‌سته‌به‌ر ده‌كرد، ماوه‌كه‌ی كۆتاییهات و بەوهۆیەشەوە کە كۆنگرێس نه‌یتوانی تا ئه‌و وادەیە بودجه نوێكه په‌سه‌ند بكات، حكومه‌تی فیدراڵی ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجی له‌ده‌ستدا ، له‌ئەمڕۆ هه‌ینییەوە جگه له خزمه‌تگوزاریه‌كان، ته‌واوی چالاكییه‌كانی راگرت.
راند پاوڵ سیناتۆری کێنتاکی كۆرماریخواز رۆڵى کاریگەرى هەبو لەو پرسەدا و وتى :”كۆماریخوازه‌كان و دیموكراته‌كان ده‌ستله‌ناوده‌ست پێشنیاری كورتهێنانی تریلیۆن دۆلارمان بۆ ده‌كه‌ن، بەڵام لە راستیدا من ناتوانم چاو له‌وه بپۆشم”.
ئه‌و پرۆژه‌ی بودجه‌یه‌ی پاوڵ رێگه‌ی نه‌دا په‌سه‌ند بكرێت پێشنیاری ده‌كرد به‌درێژایی دو ساڵی داهاتو نزیكه‌ی (300) ملیار دۆلار بۆ خه‌رجیيه‌كانی فیدراڵی زیاد بكرێت.
دواجار و بەوهۆیەوە، حكومه‌تی فیدراڵی بۆ جاری بیسته‌م له مێژوی ئەو وڵاتە و بۆ جاری دوه‌م له‌سه‌رده‌می تره‌مپدا لەکارکەوتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا شاره‌زایان لەوبڕوایەدان به‌هۆی بونی بودجه‌یه‌ك كه سه‌ركرده‌ی كۆماریخواز و دیموكراته‌كان له ئه‌نجومه‌نی پیران له‌سه‌ری رێككه‌وتون، ماوه‌ی داخرانی دوه‌می ساڵ كورتمه‌ودا ده‌بێت، چونکە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند سەعاتى داهاتودا ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژەیە بدات ئەوەش بە واتاى ئەوەدێت کە لەکارکەوتنی حکومەت کۆتایى دێت.
له كاركه‌وتنى حكومه‌تی فیدراڵ واتای چییه؟
به‌پێی یاساكانی ئه‌مەریكا، ئه‌گه‌ر كۆنگرێس بودجه‌ی درێژخایه‌ن بۆ ساڵی دارایی كه (یەک)ی تشرینی یه‌كه‌م ده‌ستپێده‌كات و (30)ی ئه‌یلول كۆتاییدێت په‌سه‌ند نه‌كات، ئه‌وا پێویسته به بودجه‌ی كاتی بۆشاییه‌كان پڕبكرێنه‌وه.
ئه‌و كاتانه‌ی ناتوانرێت بودجه‌ی كاتی په‌سه‌ند بكرێت حكومه‌تی فیدراڵی ده‌سه‌ڵاتی خه‌رجی له‌ده‌ستده‌دات و له‌كارده‌كه‌وێت (داده‌خرێت). ئه‌وه‌یش به‌واتای ئه‌وه دێت حكومه‌تی فیدراڵ كه خزمه‌تی زیاد له (320) ملیۆن كه‌س ده‌كات جگه له خزمه‌تگوزاریه‌كانی ژیان، ته‌واوی چالاكییه‌كانی راده‌گریت.
له‌م قۆناغه‌دا ئه‌و كارمه‌نده گشتیانه‌ی کە سه‌ره‌كی نین مۆڵه‌تی ناچارییان پێده‌درێت، به‌ڵام كارمه‌نده گشتییه‌كانی وه‌ك دامه‌زراوه هه‌واڵگریه‌كانی وه‌ك سوپای ئه‌مەریكا، CIA وFBI و NSA، ئه‌و پزیشك و په‌رستارانه‌ی له نه‌خۆشخانه گشتییه‌كاندا كارده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و كارمه‌نده ئه‌منییانه‌ی له گرتوخانه‌كاندا كارده‌كه‌ن به‌رده‌وامده‌بن له‌سه‌ر ئه‌ركه‌كانیان. به‌گشتیی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ش ناتوانن موچه‌كانیان له كاتی له‌كاركه‌وتنه‌كه وه‌ربگرن تا ئه‌و كاته‌ی كۆنگرێس بودجه‌ی نوێ تێده‌په‌ڕێنێت.
له ئه‌مەریكادا نزیكه‌ی (850) هه‌زار كارمه‌ند لە کەرتە خزمه‌تگوزارییەکاندا كارده‌كه‌ن، بەڵام کارمەندى سه‌ره‌كی نیین، ژماره‌ی كارمه‌ندانی سه‌ره‌كیش نزیکەى دو ملیۆنن.
هاوکات بەپێى شیکارییەک زیانی ئابوریی له‌كاركه‌وتنه‌كه له هه‌فته‌یه‌كدا شه‌ش ملیار و (500) ملیۆن دۆلاره و تا قۆناغی له‌كاركه‌وتن درێژه بكێشێت، زیانە ئابورییەکانی گه‌ورەتر‌ده‌بێت.