عەفرین؛ (22) رۆژ بەرگریی

(سبەی):

ئەمڕۆ جارێکی دیکە تورکیا لە رێگەی بۆردومان و تۆپبارانەوە پەلاماری عەفرینی دا و شەڕی سەخت لە نێوان شەڕڤانان و چەکداری سەر بە تورکیا بەردەوامە.

میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویان کردوەتەوە کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممەوە جارێکی دیکە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکی کانتۆنی عەفرینیان بۆردومان کردوە و هاوکات شەڕی سەخت لە گوندی شێخورزێ-ی سەر بە ناوچەی بلبلێ رویداوە.

لە لایەکی دیکەوە گوندی موسانکێ لەلایەن تۆپخانەکانی تورکیا بە چڕی تۆپباران کراوە.

پەلامارەکانی ئەمڕۆی تورکیا بۆسەر عەفرین لەکاتێکدایە رۆژی رابردو بەهۆ بۆردمانی ناوچەی (شێ)، سێ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.

بە پێی دواین ئامارەکان لە رۆژئاوای کوردستان سوپای تورکیا لە رێگەی بۆردومان و تۆپبارانی بەردەوامی بۆ سەر ناوچەی جندرێس لە عەفرین زیاتر لە (200) ماڵی هاوڵاتیانی وێران کردوە و هێڵەکانی ئاو و کارەبا لەو ناوچەیە بڕاوە.

هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکارانی عەفرین بۆ پاراستنی خوێندکاران لە بەرامبەر پەلامارەکانی تورکیا و چەکدارانی چالاکییان ئەنجامدا و داوایان کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاستی ئەو تاوانای بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی و بە تایبەت خوێندکاران دەکرێت، بێدەنگ نەبن.

بە پێی ئامارەکانی تەندروستی کانتۆنی عەفرین تا ئێستا (12)خوێندکار بەهۆی پەلامارەکانی تورکیا، گیانیان لەدەستداوە و (27)خوێندکاری دیکەش بریندار بون.

دوێنێش ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی کانتۆنی عەفرین  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە لە ئاست بۆردومان و پەلامارەکانی سوپای تورکیا و چەکدارانی بەرامبەر بەو کانتۆنە بێدەنگ نەبن و رێگریی لەو پەلامارانە بکرێت کە بوەتە هۆی کوژران و برینداربونی دەیان هاوڵاتی مەدەنی.

بە پێی دوایین ئامار بەهۆی پەلامارەکانی تورکیا و چەکدارانی بۆ سەر عەفرین، (160)هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و (399)کەسیش برینداربون.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە