بەغدا رێگە بەعومرەکاران دەدات گەشتی راستەوخۆ لە فڕۆکەخانەی هەرێمەوە بکەن

گەشتی حاجیانی هەرێمی کوردستان- ئەرشیف

(سبەی):

سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشان دەدات کە عەمرەکارانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە بچنە سعودیە.

بەپێی نوسراوی سەنتەری زانیاری نیشتیمانی سەر بە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ژمارە (2/1952) لە (1/2/2018) کە ئاراستەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی کراوە، ئاماژەی بەوەکردوە کە رەزامەندی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەرگیراوە بۆ هەستان و نیشتنەوەی فڕۆکەی تایبەت بە گواستنەوەی عەمرەکاران لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ عەرەبستانی سعودیە و ئاگادارکردنەوەی بەغدا لە وردەکاریی و ژمارەی گەشتەکان.

لەبەر رۆشنایی ئەو فەرمانەدا، دەستەی حەج و عومرەی بەغدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردوەتەوە بۆ ئەوەی دەست بە ئەنجامدانی گەشتی عومەر بکەن بۆ عومرەکارانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەهەردو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە.

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان، لە رۆژی (29/9/2017)ەوە بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە راگیراوە و تەنها رێگە بە گەشتی ناوخۆییان دەدرێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە