هاوپەیمانان لەسەر چارەنوسی داعشە بیانییەکان نەگەیشتنە ئەنجام

جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمەریکا

(سبەی):

وڵاتانی هاوپەیمان لەگەڵ ئەمەریکا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش نەگەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی چارەنوسی داعشە بیانییە دەستگیرکراوەکان.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، کۆبونەوەکەی هاوپەیمانان کە لەرۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەرێوەچو و تێیدا (12) وەزیری بەرگری وڵاتانی هاوپەیمان دژی داعش ئامادەی بون، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتن لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو سەدان داعشە بیانییەی کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لە سوریا دەستگیرکراون.

یەکێک لە پێشنیارەکان لە کۆبونەوەکەدا گێڕانەوەی چەکدارەکان بوە بۆ وڵاتانی خۆیان و دادگاییکردنیان، بەڵام ئەو پێشنیارە پەسەند نەکراوە و بەوتەی جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمەریکا؛ هەوڵەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی چارەنوسی ئەو چەکدارانە یەکلایی بکرێنەوە.

هاوکات بەرپرسانی فەرەنساش جەختیان لەوە کردوەتەوە، کە چەکدارە فەرەنسییەکانی داعش کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیرکراون، دەبێت لەلایەن دادگا ناوخۆییەکانی ئەوانەوە دادگایی بکرێن و پاریس نایەوێت بیانگەڕێننەوە بۆ فەرەنسا.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە