(سبەی):
بەهۆی تەقەی خوێندکارێک لە ویلایەتی فلۆریدا-ی ئەمەریکا (17) کەس گیانیان لەدەستدا کە زۆربەیان خوێندکار بون.
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە؛ خوێندکارێکی پێشوی خوێندنگەیەکی دواناوەندی ویلایەتی فلۆریدا بە چەک هێرشی کردوەتە سەر خوێندگاکەی و بەهۆیەوە (17) کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە (20) کەسیش برینداربون.
پۆلیسی فلۆریدا رایگەیاندوە؛ خوێندکارە هێرشبەرەکە تەمەنی (19) ساڵ بوە و بە چەکی جۆری (R15) لە نێو پۆلی خوێندنگەکەدا تەقەی کردوە.
رونی کردوەتەوە کە هێرشبەرەکە پێشتر خوێندکاری ئەو خوێندنگەیە بوە کە کراوەتە ئامانجی هێرشەکەی، بەڵام بەهۆی خراپی هەڵسوکەوتی لەو خوێندنگەیە دەرکراوە و پێدەچێت وەک تۆڵە ئەم هێرشەی ئەنجام دابێت.
دوا بەدوای بڵاوبونەوەی ئاماری قوربانیان، دۆناڵد ترەمپی-ی سەرۆکی ئەمەریکا لە تویتێکدا ئیدانەی هێرشەکەی کرد و هیوای چاکبونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
روداوەکەی ئەمڕۆ لە کاتێکدایە کە رۆژی رابردوش هیرشێکی تەقەکردن لە نزیک بارەگای ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەی ئەمەریکا لە ویلایەتی مێریلاند روی دا و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربون.