چەکدارێک چیرۆکی خۆی لەنێو خەلافەتی داعش دەگێڕێتەوە

(سبەی):

چەکدارێکی ناو رێکخراوی تیرۆریستی (داعش) دوای هەڵاتنی لە ریزەکانی ئەو رێکخراوە لە سوریا، باس لەکارەکانی و چۆنیەتی هەڵاتنی دەکات.

چەکدارە داعشەکە ناوی یۆری بالاکشین-ە و بەرەگەز روسییە، دوای هەڵاتنی لەدەستی رێکخراوەکە گەڕاوەتەوە بۆ روسیا و لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ کەناڵی (RT)ی روسی رایگەیاند؛ ئەو لە گوندێکی سەر بە هەرێمی ساراتۆڤ لەدایک بوە و دوای ئەوەی لە کۆلێژی سەربازی خوێندویەتی و خزمەتی سەربازی کردوە لە سوپا، بەهۆی قەیرانی دارایی ساڵی (1998)ەوە نەیتوانیوە کارێک بدۆزێتەوە.

وتیشی: کاتێک گەیشتمە تەمەنی (20) ساڵی، ئازاری سەرم هەبو کە پزیشکەکان نەیانتوانی هۆکارەکەی دەستنیشان بکەن، بەڵام لە رۆژێکدا سەردانی مزگەوتێکی کردوە و لەوێ ئاشنا بوە بە ئاینی ئیسلام و پاش ئەوە لە نەخۆشییەکە چاک دەبێتەوە، مسوڵمانبونی خۆی رادەگەیەنێت و دواتر بۆ خوێندن روی لە میسر کردوە و لەوێش هاوسەرگری لەگەڵ کچێکی مسوڵمانی و باکوری قەوقاز کردوە کە لەوێ نیشتەجێبوە و دواتر گەڕاوەتەوە روسیا.

وەک خۆی دەڵێت: لەگەڵ دەستپێکردنی روداوەکان لە سوریا و سەرهەڵدانی داعش، گرنگی بە دۆخی ئەو وڵاتە داوە و بەبەردەوامی چاودێری هەواڵ و بابەتەکانی سوریای کردوە و پاشان بڕیاری داوە بگەڕێتەوە بۆ میسەر و لەوێش پەیوەندی بە کەسێکەوە کردوە لە تورکیا کە بڕاوی پێهێناوە بچێتە سوریا، بۆ ئەو مەبەستەش یۆری بالاکشین بەوە رازی بوە.

ناوبراو وتی: بەهاوکاری کەسێکی لادەر لە ئاسیای ناوەڕاست کە بەروسی قسەی کردوە، چوەتە تورکیا و دواتر لەرێگەی سنورەکانی سوریاوە چوەتە ئەو وڵاتە و لەوێ لەلایەن ژمارەیەک چەکدارەوە کە بەروسی قسەیان کردوە، پێشوازی لێکراوە، بەڵام چەکدارەکان بەرەگەز روسی نەبون.

بالاکشین دەڵێت: سەرەتا ئەو کەسانە مۆبایل و ناسنامەکەیان لێورەرگرتم و دوای ماوەیەک چەکیان پێدام و وتیان پاسەوانی کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی بکە لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی داعش لە سوری، وەک باسی دەکات سەرجەم شتەکان بۆ ئەو چاوەڕواننەکراو بو، جگە لەوەش نەیدەتوانی هەڵبێت چونکە ئەوانی هەوڵی راکردنیان دابو، یان لەسێدارەدرابون یاخود زیندانی کرابون.

هەروەها دوای ئەوەی چەکدارانی داعش ویستویانە کردەوەی خۆ کوژی پێ ئەنجام بدەن، بالاکشین بڕیاری هەڵاتنی داوە و لەرێگەی کەسێکەوە کە بڕی دو هەزار دۆلاری پێداوە، توانی هەڵبێت و خۆی بگەیەنێتە ناوچەکانی أیر دەستی چەکدارانی سوپای ئازاد و لەوێشەوە بۆ تورکیا.

هەروەها دەڵێت؛ دوای ئەوە گەڕاوەتەوە روسیا و خۆی رادەستی دەزگای ئاسایشی فیدراڵی روسی کردوە و ماوەی سێ مانگ زیندانیکراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خۆی رادەستکردوە و هاوکاری رەوتی لێکۆڵینەوەکانی کردوە و بەشداری هیچ شەڕێکی داعشی نەکردوە، دۆسیەی تاوانی لەلایەن دادگاوە بۆ نەکراوەتەوە.

بالاکشین لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەوەی لە سوریا بینیویەتی بوەتە وانەیەک و ئەوەشی رودەدات لەوێ لەگەڵ ئاینی ئیسلام یەکناگرێتەوە و ئەوانەی پەیوەندی بە ریزەکانی داعشەوە دەکەن، هەڵخەڵەتێندراون.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە