”کارەکانى لیژنەى وردبینى موچە لە دیوانى وەزارەت و هەندێک لە زانکۆکان کۆتایى هات”

(سبەی):

کارەکانی لیژنەی وردبینی لە موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆى سەڵاحەددین، بۆردى کوردستانى بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان و زانکۆى هەولێرى پزیشکى کۆتایى هات و بڕیارە لیژنەکە لە زانکۆکانى دیکە دریژە بەکارەکانیان بدەن.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، دواى ئەوەى لە رۆژی سێ شەممە رابردو هەنگاوە کردارییەکانى وردبینى موچەى مامۆستایان و فەرمانبەران لەلایەن لیژنەیەکی تایبەت لە بەغداد لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، ئەمڕۆ پێنچ شەممە کارەکانیان کۆتایی هات.

ئەوەشخراوەتەڕو، وەفدى لیژنەى وردبینى حکومەتى عێراق لە موچەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توژینەوەى زانستى وردبینیان لە سەرجەم ئەو داتا و زانیارییەکانى دیوانى وەزارەت کرد، لەوانە وردبینیکردن  لە دۆسیەى میلاکى دیوانى وەزارەت کە ژمارەیان دەگاتە (٦٣٤) مامۆستا و فەرمانبەر، هەروەک وردبینیان لە لیستى مامۆستایان و فەرمانبەران مۆڵەت (ئاسایى، بێ موچە، تەنسیب، ئیعارە)، لەگەڵ کۆى موچەى مامۆستا و فەرمانبەرانى وەزارەت لە پێش پاشکەوتى  موچە و دواى پاشەکەوتى موچە، هەروەک پێش جێبەجێکردنى سیستمى بایۆمەترى و دواى سیستمى بایۆمەترى بەسەرجەم ناو و ناویشانى وەزیفى و کۆى ئەو دەرماڵانەى بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران خەرج دەکرێ، کرد، لەگەڵ بودجە و خەرجى فیعلى ساڵەکانى (٢٠١٣تا ٢٠١٧).

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە ” کارەکانی لیژنەکە لە وردبینی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆى سەڵاحەددین، بۆردى کوردستانى بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان و زانکۆى هەولێرى پزیشکى کۆتایى هاتوە لەئێستادا لیژنەی وردبینى کارەکانیان لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر دەستپێکردوە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى نزیکەى (30) هەزار مامۆستا و فەرمانبەرى هەیە، بەبێ پاشکەوت پێویستى بە زیاتر لە (37) ملیار دینار بۆ موچەى مانگانە هەیە.

 

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە