(17)ی شوبات بەردەوامە

دلێر عەبدولخالق

هەرێمی کوردستان حەوت ساڵ تێپەڕدەکا بەسەر خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوباتی ساڵی (2011)دا، دوای ئەو ژمارە ساڵە ئێستا شەقامێکی توڕەتر و میللەتێکی برسی تر و هەرێمێکی لاوازتر و دەسەڵاتێکی بێ گوێ تر ئامادەییان هەیە، دەسەڵاتێک بەرپرسیارێتی ئاکتی سیاسیی هەڵناگرێ و جەماوەرێکیش ناڕەزایەتیەکانی سنور ناناسێ.

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ ئەنجامی بێباکی یەکێتی و پارتیە بەرامبەر خەڵک و خاک و رەگەزە بنچینەییەکانی پرۆسەی سیاسیی، واتە ئەوەی سەنگی هەرێمی کوردستانی لە تەرازوی عێراق و هاوکێشە ئیقلیمی و نێوەدەوڵەتیەکان لاسەنگ کرد، پشتکردن لە داخوازییەکانی خەڵک و بنەما دیموکراتیەکان بو، نەک هێزی نەیارانی کورد و حکومەتی ناوەند.

پێش حەوت ساڵ “یەکێتی و پارتی” دەیانتوانی نیگەرانی و داواکارییەکانی خەڵکی ناڕازیی بقۆزنەوە و، زنجیرەیەک چاکسازی ریشەیی لە شێوازی حوکمڕانیکردن و ئیدارەدانی ئەم هەرێمەدا بکەن، بەمەش لەلایەک شەرعیەتی حوکمڕانی خۆیان دەمەزەرد دەکردەوە و لەلایەکی دیکەشەوە هەنگاویان بۆ چارەسەری کۆمەڵێک کێشەی بونیادی دەنا.

لەم سۆنگەیەوە، هەمومان شاهیدی زیندوین کە ئەنجامی گوێنەگرتن بۆ خەڵکی ناڕازیی و، نادیدەگرتنی رەخنە و پێشنیار و پڕۆژەکانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و ئەکادیمیست و خەڵکانی هۆشیار، دانیشتوانی هەرێم لە لێواری هەڵدێرێکی مەترسیدار-دا مانەوە، مەترسیەک بەرهەمی کرداری سیاسیی پارتی و یەکێتی-یە و باجەکەشی هاوڵاتیان و کەرتە زیندوەکانی کۆمەڵی ئێمە دەیدەن.

دروشمەکانی (17)ی شوبات و داخوازی شوباتیەکان، ئێستا لەهەر کات زیاتر ئاستی واقعیەتی بەیان دەکا. ئێستا هەمومان دەزانین جەماوەرێکی هۆشمەندترمان لە دەسەڵاتە سیاسیەکە هەبو، جەماوەرێک پێش حەوت ساڵ بە رونی مەترسیەکانی ئایندەی هەرێمی کوردستانی خوێندەوە و، لەرێی خۆپیشاندان و گردبونەوەی ئاشتیانەوە رەخنەی توندیان ئاراستەی دەسەڵاتی جوتحیزب کردوە.

خۆپیشاندەرانی (17)ی شوبات ئەو ژمارە خەڵکە بەرپرسیارە بون، کە خەونیان بە ژیانێکی شکۆمەندترەوە دەبینی، ئەوان نوێنەرایەتی خواست و داواکاری دەستەجەمعیان دەکرد، خۆپیشاندەران بۆ خوێنی بە ناحەق رژاوی شەهیدەکان و بیناکردنی حوکمڕانی باش و داماڵینی چەک لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان و قەڵاچۆکردنی گەندەڵی هاواریان دەکرد، هاواری ئەوان لەگەروی نەتەوەیەکی ئازاوە دەهاتە دەر کە جەستەکەی ئەسیری دەسەڵاتێکی ستەمکارە.

دەسەڵاتی ستەمکار بەو مانایەی مامەڵەی دوژمن لەگەڵ جیاوازییەکانی دەرەوەی خۆی دەکا، بەو واتایەی گوێی تەنیا بۆ پیاهەڵدان و مەدح و سەنا لێ رواوە. هێزی ستەمکار واتە ئەو حیزبانەی سوک و سانا بەگژ جەماوەردا دەچنەوەو، بە چەک وەڵامی خۆپیشاندەران دەدەنەوە و شەقامەکان بە خوێنی رۆڵەکانیان شەڵاڵ دەکەن. لێرەوە، وەک چاوەڕوان دەکرا ئەم تایپە لەدەسەڵاتدارێتی جگەلەوەی مەحکوم بو بە بچوکبونەوە و ئاسۆیەکی رۆشنتری لە بەردەمدا نەبو.

لەم سۆنگەیەوە، راستە (17)ی شوبات وەک روداو و زەمەن تێپەڕیوە، بەڵام وەک پەیام و خواست نەک تەواو نەبوە، بەڵکو بازنەی ناڕەزایەتییەکان هێندە فراوان بوە کە وەک ئاگر لە پوش و پەڵاش تێکڕای جوگرافیای هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە و، بە خێرایی گولە کاریگەری لەسەر جەستەی سیاسیی حیزبە دەسەڵاتدارەکان دروستکردوە.

هەربۆیە، ئەو خۆپیشاندان و مانگرتن و ئیمزاکۆکردنەوە و رێپێوانی جەماوەرییانەی کە تا رابردوییەکی نزیکیش لە زۆر شوێن بەردەوامی پێ دراوە و، چالاک و نوێنەرانی چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردی لەناوەوەی هەرێم و رەوەندی کوردی بەشدارییان تێدا کردوە، کاریگەری دڵخۆشکەری بە قازانجی خەڵک و دابەزینی کێرڤی جەماوەری یەکێتی و پارتی دروستکردوە، ئەم ئەنجامەش ئاماژەی رونە بۆ سەرکەوتنی خەباتی ئاشتیانەی گەلی ئێمە.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە