لاشەی فڕۆکە تێکشکاوەکەی ئێران نەدۆزراوەتەوە

(سبەی):

پاش زیاتر لە (24) سەعات نەتواندراوە لاشەی فڕۆکە تێکشکاوەکەی ئێران بدۆزرێتەوە و چارەنوسی (66) سەرنشینەکەی دیاری بکرێت.

میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە کە دوای زیاتر لە (24) سەعات تیمەکانی فریاگوزاری و ئاسمانی ئێران نەیانتوانیوە لاشەی فڕۆکە تێکشاوەکەی ئێران بدۆزنەوە و چارەنوسی سەرنشینەکانی ئاشکرا بکەن.

بە پێی زانیارییەکان زیاتر لە (500) ئەندامی تیمەکانی فریاگوزاری و ئاسمانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵماتێکیان لە زنجیرە چیاکانی (پادێنا) لە پاریزگای ئەسفەهان دەستی پێکردوە بەڵام بەهۆی کەشی خراپ و ناجێگیریی کەش و هەوا بە هێلیکۆپتەریش نەتواندراوە بگەنە شوێنی کەوتنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیەی جۆری ‌(ATR-72) کە (66)سەرنشینی تێدابوە.

بەرپرسانی ئێران ئاشکرایان کردوە بۆ دۆزینەوەی شوێنی دیاریکراوی لاشەی فڕۆکەکە داوایان لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی کردوە کە نەخشەی ئاسمانی شوێنەکەیان بۆ دەستنیشان بکەن تا بتوانرێت شوێنەکە بە ئاسانتر بدۆزرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوەی میدیا سەر بە روسیا بڵاویان کردوەتەوە کە وڵاتەکەیان شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ئێرانییەکان بۆ دەستنیشان کردوە و نەخشەکەیان رادەستی بەرپرسانی ئێران کردوە.

بەربەیانی رۆژی یەکشەممە سەعات (8:00) فڕۆکەیەکی جۆری‌(ATR-72) هێڵەکانی ناوخۆی ئێران، پەیوەندیی لەگەڵ هێڵی ئاسمانی پچراوە و دواتر دەرکەوتوە لە شارۆچکە سەمیرۆم لە پارێزگای ئه‌سفەهان کەوتوەتەوە خوارەوە کە (66)سەرنشینی تێدابوە.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە